ترەمپ: لە ماوەی دوو هەفتەدا ئاگربەستی غەززە ڕادەگەینین
ئەکسیۆس: ئیسرائیل بە کشانەوە لە غەززە بە شێوەیەکی فراوانتر ڕازی بوو
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە گەشبینە و ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەدا ئاگربەستی غەززە ڕادەگەینین.
چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە دەرفەتێکی گەورە هەیە.
گوتیشی: ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو ئاگربەستی غەززە ڕادەگەیهنین.
هاوکات پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەم بارەوە لەسەر زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، دوینێ سێشەممە ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی، ئیسرائیل و قەتەری لە بارەی ئاگربەستی غەززە بە نهێنی کۆبوونەتەوە.
ئاماژەشی داوە، ئیسرائیل ڕازیبووە، پێشکەوتنێکی گەورە لە دانوستانەکان هەیە، دوای ئەوەی ئیسرائیل لەسەر هێڵە گشتییەکانی کشانەوەی سوپاكهی لە غەززە بە شێوەیەکی فراوانتر ڕازی بوو.
هەروەها ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانمان پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدەست هێناوە و گورزێکی گهورهمان لە سەرکردایەتی و هێزی سەربازیی حەماس داوە.
گوتیشی: ئێستا هەلومەرجێکی باش بۆ ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان له ئارادایه.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەسەر هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتهكان جیددییە. گوتیشی: پێم وایە ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنین.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەشی دابوو، ئەگەر گەیشتینە ئاگربەستێکی کاتی، ئەوا هەوڵ بۆ بهدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەدەین.
سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئاگربەستی غەززە زۆر نزیکە و هیوادارین لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە ئاگربەستی 60 ڕۆژە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی ئاگربەستی غەززە چەند رۆژێکە لە دەوحەی پایتهختی قهتهرن، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش چەند ڕۆژێکە لە ئەمەریکایە و تاوەکوو ئێستا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ کردووە.