حەماس: 10 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکەین

حەماس ڕایگەیاند: بزووتنەوەکە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست نەرمی زۆری نواندووە، هاوکات ئامادەیە 10 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات.

چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لە گەڕی ئەم جارەی دانوستان بتوانن بگەن بە ئاگربەست.

باسی لەوەش کردووە، بزووتنەوەکە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست نەرمی زۆری نواندووە، بۆیە ئامادەیە 10 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، دانوستانەکان لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکانی بۆ کەرتی غەززە، کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتەکە و گەرەنتی ڕاستەقینە بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی بەردەوامە.

هەر ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن، گوتی: من و ترەمپ لەسەر پێویستی ئازادکردنی بارمتەکان هاوڕاین، هەروەها نابێت غەززە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە دەرفەتێکی گەورە هەیە. گوتیشی: ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو ئاگربەستی غەززە ڕادەگەیه‌نین.

سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئاگربەستی غەززە زۆر نزیکە و هیوادارین لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە ئاگربەستی 60 ڕۆژە.

 
Fly Erbil Advertisment