نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 17ملیۆن کەس لە یەمەن بەدەست برسێتیەوە گرفتارن

تۆم فلێچەر، ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە 17ملیۆن کەس لە یەمەن بەدەست برسێتیەوە گرفتارن، لەنێویاندا زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵان بەدەست بەدخۆراکییەوە ژیانیان لە مەترسیدایە.

فلێچەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، قەیرانی ئاسایشی خۆراک لە هەژارترین وڵاتی جیهانی عەرەبی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023وە بەرەو خراپتر دەچێت.

هۆشداریشیدا لەوەی تا مانگی ئەیلولی داهاتوو ژمارەی برسییەکان بۆ زیاتر لە 18 ملیۆن کەس بەرز دەبێتەوە، هاوکات ژمارەی ئەو منداڵانەی بەدەست بەدخۆراکی توندەوە گرفتارن تا سەرەتای ساڵی داهاتوو بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بەرزبێتەوە و "زۆرێکیان ڕووبەڕووی مەترسیی زیانی هەمیشەیی لە توانا جەستەیی و دەروونییەکانیان دەبێتەوە".

ئەو پسپۆڕانەی کە پۆلێنبەندی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک پەرەپێدەدەن، یەکێکە لە دیارترین ئاماژە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی برسێتی، زیاتر لە 17 هەزار یەمەنی لە چوارچێوەی سێ خراپترین قۆناغی نائاسایشی خۆراکدا پۆلێن دەکردووە: قەیران یان خراپتر. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم قەیرانە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی بودجەی مرۆیی لە سەرانسەری جیهاندا، واتە کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی هاوکارییە خۆراکییەکان.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پلانی هاوکاریی مرۆیی یەمەن بۆ ساڵی 2024 بە بڕی 2.5 ملیار دۆلار، تا ناوەڕاستی مانگی ئایار تەنیا 222 ملیۆن دۆلاری وەرگرتبوو، کە تەنیا نزیکەی 9%ی بودجەی پێویست پێکدەهێنێت.