ئیسرائیل ئۆردووگایەکی گەورە بۆ دانیشتوانی غەززە دروست دەکات

ئاوارە فەڵەستینییەکان دەگەڕێنەوە غەززە (ئەرشیف)
ئاوارە فەڵەستینییەکان دەگەڕێنەوە غەززە (ئەرشیف)

ئیسرائیل بە نیازە ئۆردووگایەکی گەورە لە شوێنی کەلاوەکانی شاری ڕەفەح، لە غەززە دروست بکات و 600 هەزار کەس لە دانیشتوانی فەڵەستینی تێدا نیشتەجێ بکات.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئۆردووگایەکی گەورە بۆ نیشتەجێکردنی بەشێک لە دانیشتوانی غەززە دروست دەکەین. ئۆردووگاکە وەک 'شارێکی مرۆڤدۆستانە' دەبێت و هەر کەسێک لەوێ نیشتەجێ بکرێت، بۆی نییە جارێکی دیکە لێی دەربچێت!"

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، فەرمانی داوە ئەم ئۆردووگایە لە ماوەی 60 ڕۆژدا، لە باشووری کەرتی غەززە دروست بکرێت. مەبەست لە دروستکردنیشی، لاوازکردنی توانا و دەسەڵاتی حەماسە بەسەر دانیشتوانی غەززەدا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی (DW)ی ئەڵمانی، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، گوتوویەتی: ئەم ئۆردووگایە لەجێی کەلاوەکانی شاری ڕەفەح، دروست دەکرێت بۆ نیشتەجێکردنی ئەو فەڵەستینیانەی ئێستا لە خێوەتەکانی ناوچەی 'ئەلمواسی' دەژین. ئۆردووگاکە لە لایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، سوپای ئیسرائیل تەنیا ئەرکی پاراستنی ئۆردووگاکە لە ئەستۆ دەگرێت و بەشداری لە بەڕێوەبردنیدا ناکات.

مایکل سفارد، کە پارێزەرێکی ئیسرائیلی مافی مرۆڤە، لە گفتۆگۆیەکەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'زە گاردیان' گوتی: دروستکردنی ئۆردووگایەکی لەو شێوەیە، تاوانێکی دژە مرۆڤایەتییە. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment