لە عێراق نەبوونی کارەبا هاووڵاتییانی هەراسان کردووە
کارەبای نشتیمانی لە بەشێکی زۆری شارەکانی عێراق بە شێوەیەک خراپە، هاووڵاتیان ناتوانن بەرگەی گەرمای هاوین بگرن.
دۆخەکە لە هەرێما کوردستان جیاوازە کارەبای نیشتمانی دەکرێتە 24 کاتژمێری، تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن و 55 هەزار کەس لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوونە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 تەواوی کوردستان بە کارەبای 24 کاتژمێری ڕووناک بکرێتەوە.
دایکی تالیب هاووڵاتییەکی عێراقە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە مانگی حەوت بە دواوە ئێمه حاڵمان نییە بە دەست بێ کارەبایی، کارەباکە دەکوژێننەوە تاکو بە ناچاری پارەی ئەمپێری مولیدە زیاتر بدەین لە ماڵێکی بچووک دەژین، حەوت مناڵم هەیە جاری وا هەیە خەریکە ئەخنکێین ئەوەنە گەرمە، ئەم حکوومەتە ویژدانی نییە.
جەبار جەلیل هاووڵاتییەکی دیکەی عێراق دەڵێت: کارەبا لە بەغدا زۆر خراپە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بۆ نموونە؛ ئێمە پێنج سەد ماڵین لە سەر یەک محاویلەیەکین، کارەبا تێک دەچێت بە هەفتە چاکی ناکەنەوە، کە داوا لە وەزارەتی کارەبا دەکەین چاکی بکەنەوە، کەچی کارمەندەکانیان داوای بەرتیل دەکەن، جاری وا هەیە لە 24 کاتژمێر تەنیا 5 بۆ 8 کاتژمێر کارەبای نشتیمانی هەیە.
لای خۆیەوە وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت کە له وەرزی هاویندا عێڕاق پێویستی بە نزیکەی 55 هەزار مێگا وات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا وێستگەکانی کارەبا توانای بەرهەمهێنانی تەنیا 26 هەزار مێگاوات کارەبایان هەیە و بەهۆی کەمکردنەوەی غازی ئێرانیش، وێستگەکان نزیکەی 4 هەزار مێگاوات کارەبایان لە دەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێڕاق له دوای ساڵی 2003وە، 107 ملیار دۆلاری لە کەرتی کارەبا خەرجکردووە .