بیرمەندێكی ئابووری: زیرەكی دەستكرد تەمەنی مرۆڤ بۆ 150 ساڵ زیاد دەكات
ئەو شۆڕشە جیھان بەگشتی و مرۆڤ دەگۆڕێت
K24 - ھەولێر:
بیرمەندی ئابووری، تەلال ئەبو غەزالە شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیی بە شۆڕشی زانستیی ناوبرد و بەپێی تێڕوانینی ئەو ئابووریناسە ئەو شۆڕشە جیھان بەگشتی و مرۆڤ دەگۆڕێت.
ئەبوغەزالە گوتی: جیھان كەوتە قۆناغی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییەوە، كە شۆڕشی درووستكردنی زانستە.
گوتیشی: ئەم شۆڕشە ھەموو شتێك لە جیھاندا دەگرێتەوە و شێوازی ژیانمان دەگۆڕێت و مرۆڤیش دەگۆڕێت. ئەم شۆڕشە مرۆڤی پێشكەوتوو و مرۆڤی دواكەوتوو بەرھەم دێنێت.
ئەو بیرمەندە ئاماژەیكرد، كەسی پێشكەوتوو سوود لە زیرەكی دەستكرد وەردهگرێت، كە بەو رێگایە دەكرێت تەمەنی مرۆڤ درێژ بكرێت و مەزندە دەكرێت تەمەنی مرۆڤ بگاتە 150 ساڵ بەڕێگای قەدەغەكردنی نەخۆشییەكان.
روونیشیكردەوە، شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی واتە بەكارھێنانی تەكنۆلۆجیا بەچڕی لە درووستكردن و كاراكردنی ئینتەرنێت لە ژیانی مرۆڤدا.
بۆیەش ئەو بیرمەندە داوایكرد لە تەمەنێكی زوودا فێرە زیرەكی دەستكرد بن و ھۆشداریشیدا لەوەی رۆبۆتەكان لە ئێمە بەھێزتر ببن لە سایەی زیرەكی دەستكرددا.
ئەبو غەزالە جەختیكردەوە لەوەی ئایندە بۆ داھێنان و دۆزینەوە دەبێت، ھەروەھا جەختی لەسەر گرنگی پشتبەستن بە چەمكی فێربوونی وەرگیراو و بەدەستھێنانی شارەزایی و كارە پیشەییەكان و داھێنان وەك ئەلتەرناتیڤێك بۆ لەبەركردن و گوتنەوەی وانە و بڕوانامەكانی فێربوونی كۆن، چونكە زیرەكی دەستكرد بەشێوەیەكی زۆرھاودژە لە گەڵ شێوازی كۆنی فێركردن.
سەرچاوە: "روسیا الیوم"