داوا ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا به یه‌ك بازنه‌یی بكرێت
پارتی: پێویسته به‌ر له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كان ئاسایی بكرێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
کارگێڕی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە پێویستی دادەنێت به‌ر له ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دۆخی ئەمنی و ئیداری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئاسایی بکرێتەوە، هاوكات سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد پێویستی به سەرژمێری و پاککردنەوەی لیستی دەنگدەرانه.
له‌كاتێكدا ھەوڵەکان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لە نێوان لایەنەکان، تایبەت بە یاسا و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەردەوامن، پارتی و یەکێتی لەسەر ھێڵن بۆ دروستکردنی ھەڵوێستێکی کوردستانیانە لەسەر ئەو پرسە، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆیە وه‌ك كاوه گه‌ردی، کارگێڕی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ده‌ڵێت: پێشنیاز کراوە، ئەگەر ھەڵبژاردن بە فرە بازنەیش ئەنجام بدرێت، ده‌بێت هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه چڕ بكرێنه‌وه لە کەرکووك و موسڵ ھەڵبژاردنەکە یەك بازنە بێت، چونكه هێشتا مادده‌ی 140 له‌و ناوچانه جێبه‌جێ نه‌كراوه و له‌رووی ئه‌منیشه‌وه سه‌قامگیر نه‌بووه و له‌و ناوچانه په‌یڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌سكه‌رتاریانه ده‌كرێت.
تا ئێستا گرێنتی ئەوە نەکراوە، ھەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد لەو ناوچانە ئەنجامدرێت، چونکە بارودۆخی ئەو ناوچانە تایبەت و نەخوازراوە، بۆیە وه‌ك جوان یونس رۆژبه‌یانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان دووپاتیده‌كاته‌وه، ئەنجامدانی سەرژمێری و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران باشترین بژارده‌ن.
لایەنە کوردستانیەکان گرفتیان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، ئەوان لە یاسای نوێی ھەڵبژاردنی عێراق نیگەرانن، چونکە ئەگەر بەو یاسایە ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، دەنگێکی زۆری کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە فیڕۆ دەچێت، بۆیە بە پێویست دەزانرێت سه‌ره‌تا بارودۆخ ئاسایی بکرێتەوە، دوای ئەوە کورد یەك لیستی ھاوبەشی کوردستانی لەو ناوچانە دروست بکات.
H.B