عومەر چەلیک: ئەمڕۆ یەکەم هەنگاو بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر نرا

عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)

گوتەبێژی ئاکپارتی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پرۆسەی لەناوبردن و ڕادەستکردنی چەکی پەکەکە هاوتەریب لەگەڵ ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" نرا.

هەینی، 11ـی تەممووزی 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، گەیشتن بە ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەبێتە هۆی ڕزگاربوونی وڵاتەکەمان لە هەڕەشە و مەترسی تیرۆر.

گوتەبێژی ئاکپارتی، ئاماژەی بەوە کرد، سەردان و کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکانی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان و ئەو هەستیارییەی کە نیشان دراوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پرۆسەکە، بەشدارییەکی گەورەیان هەیە.

هاوکات باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پرۆسەی لەناوبردن و ڕادەستکردنی چەکی پەکەکە هاوتەریب لەگەڵ ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" نرا.

عومەر چەلیک، دەشڵێت: بە ئیرادەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پشتیوانی لە پرۆسەکە و بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، پرۆسەکە گرنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە، لە ژێر ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار و دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەردەوامن لە ئەنجامدانی کاری هەمەلایەنە لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی دیپلۆماسی، هەواڵگری و ئاسایش، بۆ گەیشتن بە ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر".

ناوبراو گوتیشی: لەمەودوا دەبێت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هەموو لق و پێکهاتە نایاساییەکانەوە بە خێرایی تەواو بکرێت. جەختی لەوەش کردەوە، بە وریاییەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین بەرانبەر بە هەر جۆرە گێچەڵکارییەک بۆ پرۆسەکە دەوەستینەوە.

هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان، کە ژمارەیان 30 کەس بوون، وەک نیازپاکی لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment