پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا ئەندامەکانی ناچاری تاقیکردنەوەی ئامێری ئاشکراکردنی درۆ دەکات
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) کارمەندەکانی ناچار کردووە تاقیکردنەوەی ئامێری ئاشکراکردنی درۆ بکەن، تاوەکوو ڕاستگۆییان بۆ کاش پاتێل، بەڕێوەبەری FBI دەربکەوێت.
هەروەها ئاماژەشی دا، لەو کاتەی کاش پاتێل وەک بەڕێوەبەری FBI دیاریی کراوە، ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان ناچار بوونە تاقیکردنەوەی ئامێری ئاشکراکردنی درۆ بکەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە، یەکێک لە پرسیارەکان بریتی بووە لەوەی ئایا هیچ شتێکی خراپیان لە بارەی بەڕێوەبەری FBI دزە پێ کردووە یان بڵاو کردووەتەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەش کردووە، یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکان لە کردنی تاقیکردنەوەی ئامێری ئاشکراکردنی درۆ، ئاشکرا کردنی ئەو کەسەیە کە زانیارییەکانی لە بارەی داواکردنی چەک لەلایەن بەڕێوەبەری FBI دزە پێ کردووە.
لەم بارەوە جەیمس دەیڤدسۆن، بەڕێوەبەری پێشووی FBI بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی گوت، کارمەندانی FBI دەبێت بۆ یاسا ڕاستگۆ بن، نەوەک بۆ بەڕێوەبەر و جێگرەکەی. گوتیشی: کە دەبینی کاش پاتێل، سەرنجی لەسەر ئەو شتانەیە، بۆت دەردەکەوێت کەسێکی چەند لاوازە.
مانگی نیسانی ئەم ساڵ، نووسینگەی کاروباری گشتیی FBI بە ڕۆیتەرزی گوتبوو: بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی دزەپێکردنی زانیارییەکان لەناو نووسینگەکەدا، دەستی کردووە بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی ئاشکراکردنی درۆ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ کاش پاتێلی وەک بەرێوەبەری FBI دەست نیشان کرد.