200 ژنە چەکداری داعش هەوڵیاندا لە کەمپی هۆل رابکەن
لەلایەن ھێزەكانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر شكستیان پێهێنرا
K24 - هەولێر
نزیكەی 200 ژنە چەكداری داعش هەوڵیاندا لە كەمپی ھۆل رابكەن، بەڵام ھێزەكانی ئاسایش ھەوڵەكەیان شكستپێھێنا.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشکرای کرد "لەدوای كردنەوەی كەمپی ھۆل، ئەمە گەورەترین ھەوڵی راكردنی ژنانی چەكداری داعشە لەو كەمپەدا".
ئەو ژنە چەکدارانەی داعش بەڕەگەز سووری و عێراقی بوون و ژمارەیەکی زۆر منداڵیشیان لەگەڵدا بووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی کەمپەکە بە یارمەتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) توانیویانە رێگرییان لێ بکەن و شکست بە هەوڵەکەیان بهێنن.
روانگەی سووری هەروەها دەڵێ "بەیانیی دوێنێ (یەکشەممە، 13-9-2020) چوار ژنی بیانیی داعش ویستوویانە لەگەڵ شەش لە منداڵەكانیان لە کەمپی هۆل رابكەن، بەڵام رێگرییان لێكراوە".
کەمپی هۆل نزیکەی 30 ساڵ پێش ئێستا لەسەر سنووری عێراق و سووریا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆ پەنابەرانی عێراقی دروستکراوە، لەدوای سەرکەوتن بەسەر داعشیش، خێزانی هەزاران چەکداری داعشی لێ نیشتەجێ کراوە.
هـ.ر.