ئەمەریکا شێوازی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا دەگۆڕێت
سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باس لە ڕێگایەکی نوێ و ناڕاستەوخۆ بۆ پێدانی چەک بە ئۆکرانیا دەکەن، ئەویش لە ڕێگەی فرۆشتنی چەکە بە ناتۆ و ئەوانیش ئۆکرانیای بدەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی NBCـی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرقاڵی فرۆشتنی چەکن بە هاوپەیمانی ناتۆ، بۆ ئەوەی بە ئۆکرانیای بدەن، هاوپەیمانییەکەش بە ڕێژەی 100% پارەکە دەدات.
هەروەها ئەمڕۆ هەینی، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی لە هەوڵی پێدانی چەکە بە هاوپەیمانی ناتۆ، جۆری چەکەکانیش، ئەوانەن کە ئۆکرانیا بۆ بەگری پێویستییەتی و عەوداڵی بە دەستهێنانی دەدات.
ئاماژەشی داوە، دەکرێت ئەو چەکانە لە ڕێگەی وڵاتانی ئەورووپاوە بگەیەنرێتە ئۆکرانیا.
لای خۆشییەوە ڤۆلدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: ئەمەریکا دەستی بە ناردنەوەی چەک بۆ وڵاتەکەمان کردووە، لەو بارەیەوە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ کیس کێلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا کۆدەبمەوە.
ڕۆژی هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ستیفان کۆرنێلیۆس، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا لە پرسیار ئەوەی ئایا ئەڵمانیا بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێی دژە مووشەک بۆ ئۆکرانیا پەیوەندی بە ئەمەریکاوە کردووە، گوتی: گفتوگۆی چڕیان لەسەر ئەو بابەتە دەست پێ کردووە.
هاوکات ستیفان کۆرنێلیۆس بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی دووپات کردبووە، کە فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە کۆتا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەو بابەتە کردووە.
پێشتر ئانا کێلی، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە 'سی بی ئێس نیوز'ی ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی ئەمەریکا لە پێشینەی کارەکانمانە، ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگرین.
ئاماژەشی دابوو، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوە بێت بڕیارەکە دراوە، ئەمەش دوای پێداچوونەوەی وەزارەتی بەرگری بە پشتیوانییە سەربازییەکان و هاوکارییەکانی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان بووە.