ئاوی بەشێك لە گەڕەكەكانی ھەولێر دەگیرێتەوە

بۆری ئیفراز3 دەگوازرێتەوە

K24 – ھەولێر

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ئاشكرای دەكات، بەھۆی گواستنەوەی بۆری ئیفراز3، ئاوی بەشێك لە گەڕەكەكانی ھەولێر دەگیرێتەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەھۆی گواستنەوەی بۆری ئیفراز3، كە دەكەوێتە بەر پڕۆژەی دووسایدی ھەولێر – دھۆك، رێگای گۆپاڵ لە ئەمڕۆوە ئاوی بەشێك لە گەڕەكەكانی ھەولێر دەگیرێتەوە تا ئەوكاتەی بۆریەكە دەگوازرێتەوە".

روونیكردەوە: "لە كاتی ئامادەكاری بۆ گواستنەوەی بۆریەكە شكاوە، بۆیە بڕیاردرا گواستنەوەی پێش بخرێت".

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، راشیگەیاند: "ماوەی 36 تا 48 كاتژمێر ئاوی ئەو گەڕەكانە دەگیرێتەوە كە تەنھا ئاوی ئیفرازیان ھەیە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو گەڕەكانە دەكەونە نزیك رێگای شۆڕش، شەقامی 120 مەتری، شەقامی 40 مەتری تا دەگاتە نزیك یاریگای نێودەوڵەتی ھەولێر شەقامی كەركووك، ھەر گەڕەكێك ئاوی بیری نەبێت و تەنھا ئاوی ئیفرازبێت ئاویان نابێت تا بۆریەكە دەگوازرێتەوە".