نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی سووتەمەنی لە غەززە هەڕەشە لە ژیانی دانیشتوانەکەی دەکات
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەمیی سووتەمەنی لە کەرتی غەززە، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەڕەشە لە ژیانی دانیشتوانەکەی دەکات.
شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "کەمیی سووتەمەنی لە کەرتەکە، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی برسییەتی. چونکە، زۆربەی نانەواخانەکان، کە نان بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن کەس دابین دەکەن، لەبەر نەبوونی سووتەمەنی، داخراون."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "بەبێ دەستڕاگەیشتن بە سووتەمەنیی پێویست، هەوڵە مرۆڤایەتییەکان بۆ هاوکاریی دانیشتوانی غەززە، سەرناگرن. بەشی لەدایکبوون و منداڵانی کۆرپە و چاودێریی چڕ، لە نەخۆشخانەکاندا پەکیان کەوتووە. ئۆتۆمبیلەکانی فریاکەوتن لەکار کەوتوون و کەس فریای نەخۆش و برینداران ناکەوێت. لەبەر تێکچوون و خراپیی هۆکارەکانی پەیوەندی، خێزانەکان ناتوانن پەیوەندی بە یەکەوە بکەن."
بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە "بەبێ سووتەمەنی، نانەواخانە و چێشتخانە گشتییەکان چی دیکە ناتوانن نان و خواردن بۆ دانیشتوان ئامادە بکەن. شەقامەکان پڕ بوونە لە داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکان و ئاوی پیس، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مردنی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە دانیشتوانی غەززە."
نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لایەکەوە خۆشحاڵیی خۆی بە گەیشتنی ئەو بڕە کەمەی سووتەمەنی کە هەفتەی ڕابردوو گەیشتە غەززە، دەربڕیوە، بەڵام ڕاشیگەیاندووە ئەوە تەنیا بەشی چەند ڕۆژێک دەکات، بۆیە دەبێ بە زووترین کات بڕی پێویستی سووتەمەنی بگەیەنرێتە کەرتەکە.