عراقچی: ئامادەین متمانە بە وڵاتان بکەیەنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەسەر بنەمای دیپلۆماتییەکی ڕوون و ئاشکرا ئامادەیە متمانە بە وڵاتان بکاتەوە. گوتیشی: پێداچوونەوە بە داواکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەن.

شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتارەکەیدا بۆ دیپلۆماتکاران لە تاران ڕایگەیاند، هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕانەگیراوە، بەڵکوو چوارچێوەیەکی نوێی وەرگرتووە. عراقچی گوتیشی: لەسەر بنەمای ئاسایشی و سەلامەتی پێداچوونەوە بە داواکاری بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی لەسەر بنەمای دیپلۆماتی ئامادەیە متمانە لەگەڵ وڵاتان دروست بکاتەوە. دیپلۆماتییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەن بێت، نەوەک بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و مەبەستەکانی خۆیان بێت.

لەبارەی سەپاندنەوەی سزاکان بە سەر ئێران، عراقچی ئاماژەی دا، ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا بڕیارێکی لەو شێوەیە بدەن، ئەوە ڕۆڵیان لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتایی دێت.

جەختیشی کردەوە، بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانیان پەیوەندی بە بەرنامەی ئەتۆمییەوە نییە، هەر دانوستانێک بکرێت، تەنیا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت، ئەویش لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دەبێت.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیش ئاماژەی دا، بەر لە دەستپێکردنی دانوستانەکان لێکۆڵینەوە لە کات، شوێن، داواکارییەکان و دڵنیاییەکانی لایەنی بەرانبەر دەکەین. دووپاتیشی دەکاتەوە، هەر چارەیەکی دیپلۆماتی دەبێت ڕێز لە مافی ئێران و هاووڵاتییانی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی بگیرێت، بەبێ ئەمەش هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت.