ئیسرائیل: حەماس نایەوێت سازش بکات
بەرپرسێکی باڵای سیاسیی ئیسرائیل، حەماس بە هەوڵدان بۆ تێکدانی دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەستی غەززە تۆمەتبار دەکات و ڕایگەیاند، ئەو بزووتنەوەیه ئامادە نییە سازش بکات.
شەممە 12ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای سیاسیی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، بزووتنەوەی حەماس پێشنیازی قەتەری بۆ ئاگربەستی غەززە ڕەت کردووەتەوە، بەمەش ئاستەنگ لە بهردهم گەیشتن بە ئاگربەستەکە دروست دەکات.
ئاماژەشی داوە، حەماس نایەوێت سازش بکات و بۆ شکستهێنانی دانوستانەکان تەکتیکی دەروونی بەکار دەهێنێت.
ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییە باسی لەوەش کردووە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ سازش و خۆگونجانێکی تەواوی لەبارەی دانوستانەکان نیشان داوە.
چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لە گەڕی ئەم جارەی دانوستان بتوانن بگەن بە ئاگربەست.
باسی لەوەش کردبوو، بزووتنەوەکە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست نەرمی زۆری نواندووە، بۆیە ئامادەیە 10 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی ئاگربەستی غەززە چەند ڕۆژێکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەرن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ گۆڕانێک بە ئاراستەی ئاگربەست بە دی نەکراوە.
چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە دەرفەتێکی گەورە هەیە و ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنین.