لە ماڵێکی هەولێر دەستگیرا بەسەر 1500 دەمانچە
هاووڵاتییان زانیارییان بە هێزە ئەمنییەکان داوە

K24 - هەولێر
1500 دەمانچە لە ماڵێکدا لە گەڕەکی هەولێری نوێ دەستیان بەسەردا گیرا. دەمانچەکان تورکین، بە پارچە پارچەیی بە قاچاغ هێنراونەتە هەولێر و دواتر لە ماڵەکەدا کۆکراونەتەوە.
ترسناکیی ئەو دەمانچەیە وەکو هێزە ئەمنییەکان باسی دەکەن، لەوەدایە: هەرزانە و پێشتر خەڵک لەڕێگەی ئەو جۆرە دەمانچانەوە تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە.
رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لەنێو ماڵەکەوە باسی لەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان دەڵێن پارچەکانی دەمانچەکان لەلایەن کەسانی شارەزا خراونەتە سەر یەکدی، بۆیە "پێدەچێت ئەوانەی چەکەکەیان هێناوە، باند بن".
سەبارەت بە چۆنییەتی دۆزینەوەی چەکەکان، هاووڵاتییان زانیارییان بە هێزەکانی ئاسایش داوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەن، لەدوای چەند رۆژێکیش لە لیکۆڵینەوە، دەست بەسەر ماڵەکەدا گیراوە و دەمانچەکان لەنێو بالیف و کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکە دۆزراونەتەوە.
ملازم رەشوان ئازاد، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش بە کوردستان24ـی راگەیاند "سوپاسی هاووڵاتییان دەکەن، کە زانیارییان پێداین، دواتر بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان، توانیمان دەست بەسەر چەکەکاندا بگرین و خاوەنەکانیان دەستگیربکەین".
ئەفسەرەکەی ئاسایش هەروەها دەڵێ "ئەو جۆرە دەمانچەیە زۆر ترسناکە، چونکە هەرزانە و پێشتر خەڵک دەستگیرکراوە کە بەهۆی ئەو جۆرە دەمانچەیەوە خەڵکی کوشتووە".
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو جۆرە دەمانچانە تورکین، لە نێو هاووڵاتییاندا بە دەمانچەی "حەشدی شەعبی" ناسراون، نرخیان هەرزانە بەراورد بە دەمانچەی دیکە، کە لەنێوان 120 بۆ 135 دۆلارە بۆ هەر دەمانچەیەک.
هـ.ر.