زیاتر لە 10 ڕۆژە دارستانەکانی سووریا دەسووتێت

زیاتر لە 10 ڕۆژە ئاگر لە دارستانەکانی چەند ناوچەیەکی پارێزگای لازقییە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کەتووەتەوە و زیاتر لە 15 هەزار هێکتار لە خاکەکەی بووە بە خۆڵەمێش. 

ڕائید ساڵح، وەزیری فریاگوزاری و بەڕێوە بردنی کارەساتی سووریا ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە بەهۆی بای بەهێزەوە لە تەشەنەکردندایە و لە گوندەکانی لازقییە نزیک دەبێتەوە.

دەشڵێت: ئەو تەقەمەنیانەی لە شەڕی ناوخۆ بەجێماوە تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی تەشەنەکردنی ئەو ئاگرە.

ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 15 هەزار هێکتار لە خاکەکەی بووە بە خۆڵەمێش. و زیاتر لە 150 تیمی بەرگریی شارستانی سووریا لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

گوتیشی: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی خۆبەخش، هەروەها تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە تورکیا و ئوردن، 300 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و دەیان ئۆتۆمبێلی پاڵپشتی لۆجستی و 16 فڕۆکە لە تورکیا و ئوردن و لوبنانەوە لە ئاسمانەوە پاڵپشتی تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکەن."