گەشەی دانیشتووان و خراپی خزمەتگوزاری گرفتی بۆ عێراقییەکان دروست کردووە

تەقینەوەی ژمارەی دانیشتووان جێگەی دوودڵی و ترسی چاودێرانە، چونکە عێراق خاوەنی ژێرخانێکی وەها بەهێز نییە، بتوانێت وەڵامدەرەوە ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان بێت لە ئاو، کارەبا، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.

هاووڵاتییەکی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەدەست بێئاویەوە گرفتارین، نۆ بۆ 11 ڕۆژە ئاومان بۆنایەت، ئەمە جگە لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی دیکە لەوانە خراپی کارەبا، سەرباری ئەو بودجە زەبەلاحەیی بۆی تەرخانکراوە.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: دۆخەکە زۆر خراپە، شەقامەکانمان قیرتاو نەکراون، سەرباری نەبوونی ئاو و کارەبا، کرێی خانوو زۆر گرانە، من مانگانە 300 هەزار دینار ئەدەم بە کرێ، دوو خاوەن پێداویستی تایبەتیشم لەماڵەوە هەیە.

هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: لەم ناوچەیەی ئێمە تابڵێی دۆخەکە خراپە، هەر باس ناکرێت، ژمارەی خەڵکیش تادێت زیاتر دەبێت، ئاومان نییە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن هەندێک خزمەتگوزاریمان بۆ جێبەجێ دەکەن، کە دەنگانیش نامێنێت خزمەتگوزاریش نامێنێت.

ئەسیر شەرع، چاودێری ئابووری بۆ کوردستان24 گوتی: عێراقی ئەمڕۆ 46 ملیۆن کەسە، ئەم ژمارەیە پێویستی بە شاری نیشتەجێبوون و ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری فرەچەشنە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو ژمارەیەک یەکبگرێتەوە، بەڵام بڕوام وانییە حکوومەتی ئێستا و تەنانەت حکوومەتەکانی داهاتووش بتوانن پلانێنی وەها دانێن لەگەڵ ئەم تەقینەوەی دانیشتووانە یەکبگرێتەوە.

لەگەڵ زیادبونی ژمارەی دانیشتووان و نەبوونی پلانێکی پاڵپشتیکراو بۆ دابینکردنی خزمتەگوزاری بۆیان، چالاکوانان بەگرنگی دەزانن یاسایەک بۆ ژمارەی دانیشتووان دابڕێژرێت ئەگەر لەچەند ساڵی داهاتووشدا بێت، چونکە حکوومەتەکانی ڕابردوو شکستیانهێناوە لەم بابەتەدا.

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment