دۆخی ئابووریی ئێران دوای جەنگی 12 ڕۆژە شڵەژاوە

دوای ئاگربەستی جەنگ، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە

جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئاگربەستێکی ناسەقامگیر و متمانەپێنەکراو، ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی ئێرانی سەختتر کردووە.

شارەزایانی ئابووری، ئاماژە بەوە دەکەن، کە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کێشە و گرفتە ئابوورییەکانی ئێرانی گەیاندووەتە قۆناغێکی سەخت، بە جۆرێک، سەرجەم پێگە ئابوورییەکانی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی جەنگەکە و ئاگربەستەکەیان پێوە دیارە. ئێستا، ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی ناسەقامگیری، پاشەکشەی گەورە و ئاڵنگاریی قووڵتر و کاریگەرتر بووەتەوە.

پاشەکشە و دڵەڕاوکێ لە بازاڕی دراودا

لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا و تا ئەمڕۆش، بازاڕەکانی دراو و وەبەرهێنان دووچاری پاشەکشەیەکی قورس بوونە، سیاسەتی ئابووریی حکوومەتیش لەم کەشوهەوا شڵەژاو و نائارامەدا، نەیتوانیوە ڕێگە لەو پاشەکشەیە بگرێت. لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگەکەدا، بەهای تومەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکیی بە ڕادەیەکی زۆر دابەزی و گەیشتە 95 هەزار تومەن بەرانبەر بە یەک دۆلار! هەرچەند پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەهای تومەن هەندێک بەرز بووەوە بەڵام هێشتا نەگەڕاوەتەوە بەهای پێش جەنگەکە. 
سەرمایەداران و هاووڵاتییانی ئاسایی، لە ترسی هەرەسی لە ناکاوی تومەن، زۆربەی مامەڵە داراییەکانیان ڕاگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی سستبوون و پاشەکشەی بازاڕ بە گشتی و بەرزبوونەوەی نرخی پێدوایستییە ڕۆژانەییەکانی هاووڵاتیان.
بانکی ناوەندیی ئێران، ڕایگەیاند، بڕی 65 تریلیۆن تومەن بۆ پشتیوانیی بازاڕی دراو، دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام ئەم هەنگاوەش نەیتوانیوە متمانەی سەرمایەداران و بازرگانان وەدەست بهێنێتەوە.

پەکخستنی بازاڕەکانی زێڕ و دراوە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە

لەبەر ئەوەی زۆربەی سەرمایەداران و گەورە بازرگانانی ئێران، هەوڵی بردنە دەرەوەی زێڕ دەکەن و زیاتر پەنا بۆ مامەڵە بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەکەن، کە دەبێتە هۆی ئەوەی زەبری گەورە لە ئابووری ئێران بکەوێت؛ حکوومەتی ئیران، بۆ ڕێگریی لە بردنە دەرەوەی پشتیوانییە داراییەکانی وڵات، ئەنقەست بازاڕەکانی زێڕ و دراوە ئەلیکترۆنییەکانی پەک خستووە؛ ئەمەش بووەتە مایەی سەرلێشیوان و ناسەقامگیریی نرخی زێڕ و دراوە ئەلیکترۆنییەکان کە ئەوەش، ڕاستەوخۆ بە زیانی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە.

پاشەکشەی بازاڕی خانووبەرە

کەشوهەوای نائارام و نالەباری جەنگ و پاش جەنگ، وای کردووە بازاڕی خانووبەرەش دووچاری پاشەکشەیەکی گەورە ببێتەوە. سەرمایەدارانی ئێرانی، لە سایەی ئەو ئاگربەستە لەق و بێمتمانەیەدا، وازیان لە بازاڕی خانووبەرە هێناوە و هەوڵ دەدەن پارەکانیان لەو بازاڕە بکشێننەوە.. کەمبوونی کڕیار و زۆریی فرۆشیاران، بووەتە هۆی نزمبوونەوەی نرخی خانووبەرە لە تاران، بە ڕێژەی %8. ئەم نزمبوونەوەی نرخە، لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانیشدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە.

بێکاری و گرانی

  ئێران، پێش جەنگی 12 ڕۆژەش، گیرۆدەی بێکاری و گرانی بوو، بەڵام بەرەنجامەکانی جەنگەکە، کە ئێستا وردە وردە دەردەکەون، بوونەتە هۆی زۆریی ژمارەی بێکاران و گرانیی لە ڕادەبەدەری پێدوایستییە ڕۆژانەکانی خەڵک.

زۆرێک لە دوکاندارە بچووکەکان و دەستفرۆشەکانی سەرشەقامەکان، لەبەر نەبوونی کڕیار، ناچار، دوکانەکانیان داخستووە و وازیان لە کارەکانیان هێناوە.  نائارامیی و ترس لە بۆمباران لە کاتی جەنگدا، وایکرد زۆرێک لە کرێکاران، بە تایبەتی ئەوانەی لە نانەواخانەکاندا کار دەکەن، واز لە کارەکانیان بهێنن. 
پاشەکشەی بەرچاوی هەناردەی نەوت، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێیی  خستووەتە سەر ئابووریی ئێران. جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کۆمپانیاکانی کەشتیڕانیی بیانیی کە سوودیان لە بەندەرەکانی ئێران وەردەگرت، ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن؛ ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان. لە هەمان کاتدا، ئەو کۆمپانیایانە نرخی بیمەیان بە ئاستێکی زۆر، لەسەر ئێران زیاد کردووە. هەواڵەکانی ناوخۆی ئێران، باس لەوە دەکەن، تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا نرخی ماددە خۆراکییەکان بە ڕێژەی زیاتر لە %10 زیادیان کردووە. 

نەمانی ئاسایشی کار و خۆشگوزەرانی

دوای تەواو بوونی جەنگ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران نەگەڕاوەتەوە باری ئاسایی پێش جەنگ. دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی هاووڵاتیانی ئێرانی بەرانبەر بە ئاگربەستەکە و ناسەقامگیریی باری ئابووریی وڵاتەکەیان، وای کردووە، ئەوان پارەکانیان تەنیا بۆ پیداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیان خەرج بکەن؛ گەشت و سەیران، چوونە ڕیستۆرانت و کڕینی جلوبەرگ و بابەتی لاوەکیی وەک تەلەفزیۆن و جوانکاریی، بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر کەمیان کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی وەستانی بازاڕەکان.

لە لایەکی دیکەوە، دانیشتوانی تاران، بە تایبەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەتی کۆمپانیاکانی هاوردە و هەناردەدا کار دەکەن، لە دڵەڕاوکێیەکی ڕۆژانەدا دەژین و چاوەڕێن هەر ساتێک لە کارەکانیان دەربکرێن. دۆخی ڕۆژنامەنووسانیش ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، هەواڵی دەرکردنی زیاتر لە 150 هەواڵنووس و پەیامنیری میدیا ناسراو و گەورەکانی ئێران سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە خراپیی باری ئابووریی ئێران هەموو جەمسەرەکانی گرتووەتەوە.

زەبرپێکەوتنی بانک و ژێرخانی گشتی

لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، بەشێکی زۆری ژێرخانەکانی ئێران زیانی جیددیان بەرکەوت، کە نۆژەنکردنەوەیان ماوەیەکی زۆر و بودجەیەکی زەبەللاحیان پێویستە.

هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بانکەکانی 'سپە' و 'پاسارگاد' سەرباری ئەوەی خەرجییەکی زۆری خستە ئەستۆی بانکی ناوەندیی ئێران، لەهەمان کاتدا، پشێوییەکی گەورەی لە سیستەمی دارایی و ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەدا دروست کرد و لە ئەنجامدا نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار لە پارەی خەڵک، کە لەو دوو بانکەدا بوون، دزران!

لە لایەکی دیکەوە، خەرجییە گشتییەکانی جەنگەکە، وەک تێچووی مووشەکهاویشتن و بەرگریی ئاسمانیی و تاد.. بارێکی قورس و گرانی خستووەتە سەر شانی ئابووریی ئێران. ئەمە جگە لەو زیانەی بە هۆی پچڕان و پەککەوتنی تۆڕی ئینتەرنێتەوە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ڕێگریی لە گەیاندنی هەواڵەکانی جەنگەکە بە میدیاکانی دەرەوە، کرا؛ بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانی ئابووری نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار بووە.




 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment