10 تۆن هەنجیری وشکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیرا

10 تۆن هەنجیری وشکی ماوەبەسەرچوو دەستی  بەسەرداگیرا کە خاوەنەکەی دەستکاریی بەرواری بەکارهێنانەکەشی کردووە.

یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، کارزان سلێمان، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای ڕانیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەسەر بنەمای زانیاریی دامەزراوە ئەمنییەکانی ناوچەکە، چاودێریی شوێنەکە کراوە، ئەوە بەدی  کراوە کە بڕێکی زۆری هەنجیری وشکی ماوە بەسەرچوو کە لە وڵاتی ئێرانەوە بە قاچاغ هێنراونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای ڕانیە ئاماژەی بەوەشکرد، مێژووی بەسەرچوونی هەنجیرەکە دەستکاریی کراوە و ساڵێک درێژکراوەتەوە، ئەمەش دەچێتە قاڵبی ساختەکردن، بەپێی  ماددەی 10 لە یاسای مافی بەکاربەر، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەکەی گیراوەتە بەر و دەستبەسەر کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنی ئەو هەنجیرە بەسەرچووە کە ساردخانەی چوارقوڕنەیە، دادەخرێت.

کارزان سلێمان ڕایگەیاند: هەنجیرە ماوە بەسەرچووەکە دەبەینە وێستگەی خۆڵ و خاشاک، لەوێ چاڵێک هەڵدەکەنین و  دەیخەینە نێو چاڵەکە و بەخۆڵ دایدەپۆشین.