لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا دژی نەبوونی کارەبا خۆپیشاندانە
یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، دەیان کەس لە دانیشتوانی ناوچەی ئەمین لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، دژی خراپی سیستەمی کارەبای ناوچەکەیان خۆپیشاندانیان کرد.
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، دانیشتوانی ناوچەی ئەمین لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا خۆپیشاندانیان کرد، کە خۆپیشاندەران بەهۆی خراپی پێدانی کارەبا تووڕەبوونی خۆیان لە حکوومەت دەربڕی و لە شەقامەکانی ناوچەکە تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاند، هەروەها داوای زیادکردنی کاتەکانی کارەبا و باشتربوونی دۆخی کارەبا دەکەن.
ساڵانێکی زۆرە عێراق بەدەست قەیرانی کارەباوە گیرۆدەیە، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، کە پچڕانی کارەبا لەم وەرزەدا بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای خەرجییە زۆرەکانی حکوومەت بۆ دابینکردنی کارەبا.
قەیرانەکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی فشارەکان لەسەر تۆڕی نیشتمانی و کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و خزمەتگوزارییە گشتیەکان توندتر دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکوومەت چەندین جار بەڵێنی چاکسازیی ڕیشەیی لەم کەرتە داوە بەڵام تاوەکوو ئێستا دۆخی کارەبا خراپتر بووە نەک باشتر.