ڕووسیا ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی لە بارەی پوتن ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی ڕەت دەکاتەوە کە بڵاوی کردبووە، ڤلادیمێر پوتن، پشتیوانیی لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دەکات، کە تیایدا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بگەیەنرێتە سفر، ڕایدەگەینێت، ئەو ڕاپۆرتە مەبەستێکی سیاسی لە پشتە.

یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی ڕاپۆرتەکەی پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، ڕایگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، وا دەردەکەوێت ئەو بابەتە بەشێکبێت لە هەڵمەتێکی نوێی چەواشەکاری سیاسی، کە مەبەست لێی فراوانکردنی گرژییەکانە لەسەر بەرنامە ئەتۆمی ئێران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پرسی بەرنامە ئەتۆمی ئێران تەنیا بە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر دەبێت، هاوکات چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە کە ئامادەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماتییانە بۆ ئەو پرسە یارمەتیدەر بین.

ڕۆژی شەممە 12ـی تەممووزی 2025،، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندووە پشتیوانیی لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دەکات کە ڕێگە نەدات ئێران لەناو خاکی خۆیدا یۆرانیۆم بپیتێنێت.

هەروەها ئاماژەشی دابوو، پوتن پشتیوانیی لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دەکات، کە تیایدا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بگەیەنرێتە سفر.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، چەند گەڕێکی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەڕێوە چوون، کە دواتر لە ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئێران و دانوستانەکان ڕاوەستان، بۆیە تاوەکوو ئێستا ئەو دوو وڵاتە لەو بارەیەوە نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.