وردەکاری هەوڵی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک کۆماری ئێران بڵاوکرایەوە
پێگەی هەواڵی فارس نیووزی ئێرانی لەسەر زاری بەرپرسانی سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆک و ژمارەیەک بەرپرس وڵاتەکەی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕزگارییان بووە، هاوکات لە هێرشەکەدا سەرۆکی ئێران بە سووکی بریندار بوو.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، پێگەی هەواڵی فارس نیووزی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژە هەوڵیدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی سیستەمی دادوەری ئێران تیرۆر بکات.
ئەو پێگەیە لەسەر زاری بەرپرسانی سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، مەسعود پزیشکیان لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە تاران هێرشی کرایە سەر و قاچی بە سووکی بریندار بوو.
ئاماژەشی داوە، شەش مووشەک یان بۆمب بۆ داخستنی دەروازەکانی ئەو بینایەی کە کۆبوونەوەکەی تێدا ئەنجام دەدرا بەکارهاتن، بەڵام بەرپرسەکان توانیان لە ڕێگەیەکی تایبەتی فریاگوزارییەوە بێنە دەرەوە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، سەرۆکی ئێران لە کاتی دەرچوون لە بیناکە بریندار بوو، لێکۆڵینەوەکانیش لەبارەی پێدانی کات و شوێنی کۆبوونەوەکە بەردەوامن.
ئەو ڕاپۆرتەی پێگەی هەواڵی فارس نیووزی ئێرانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا بۆ سەر مەسعود پزیشکیان، هەمان ڕێگەی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی پێشووتری حزبوڵڵای لوبنانی کە 27ی ئەیلوولی 2024، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا بەکارهێناوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی، تاکەر کارلسۆن، ئاشکرای کرد، ئیسرائیل هەوڵیدا تیرۆری بکات، بەڵام شکستی هێنا.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک سەرکردەی سەربازیی و زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.