بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لامەرکەزییەت لە حکوومەتی سووریا دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایگەیاند: دەمانەوێت هاوبەشێکی کارا بین لە سووریا نوێ، بەڵام داوای لامەرکەزییەت لە حکوومەت دەکەین.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی گفتۆگۆی شاندەکەیان و حکوومەتی نوێی سووریا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، یەکپارچەیی خاکی سووریا سازشی لەسەر ناکرێت و ئەمەش تێڕوانینی نەگۆڕی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی حکوومەتی سووریا، گوتومانە دەمانەوێت هاوبەشێکی کارا بین لە سووریای نوێ، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لامەرکەزییەتمان کردووە.
باسی لەوەش کرد، پێشنیازمان کردووە، کە لە سووریای نوێدا دیموکراتی، دادپەروەریی، فرەیی، یەکسانی هەبێت، هەروەها دەستووری وڵاتەکە مافی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، جەختی لەوە کردەوە، بە تەواویی ئامادەن تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بن، لەسەر بنەمای دیموکراتی و بەشداربوون لە نووسینەوەی دەستووری نوێ.
ڕۆژی 12ـی تەممووزی 2025، شێخ ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی دیمەشق هیچ ڕێککەوتنێکی تێدا بەرهەم نەهات، تەنیا لێکگەیشتنێک هەبوو بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان.