ناتانیاهۆ: حەماس پێشنیازی ئاگربەستی غەززەی ڕەت کردووەتەوە و دەیەوێت لە کەرتەکە بمێنێتەوە
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازەکانی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستی غەززە قبووڵ کردووە، بەڵام حەماس پێشنیازەکەی ڕەت کردووەتەوە و دەیەوێت لە کەرتەکە بمێنێتەوە.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، دوای گەشتە سەرکەوتووەکەی بۆ واشنتن دەرفەت و ئەگەری زۆر هاتوونەتە پێش، بڕیارم داوە کە هەموویان بەدەست بهێنم.
لەبارەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە، حکوومەتی ئیسرائیل پێشنیازی ئاگربەستی غەززە ڕەت کردووەتەوە و گوتی: ئەمانە پڕوپاگەندەی حەماسن، ئێمە پێشنیازی وڵاتانی نێوەندگیر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاگربەستی غەززە قبووڵ کردووە، بەڵام حەماس ڕەتی کردووەتەوە.
ئاماژەشی دا، حەماس دەیەوێت لە کەرتی غەززە بمێنێتەوە و ئێمەش پاشەکشە لە کەرتەکە بکەین، بەمەش ئەوان لە هێرشکردنە سەر ئێمە بەردەوام دەبن. گوتیشی: من ئەوا قبووڵ ناکەم و هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بارمتەکان بگەڕێنمەوە.
دووپاتیشی کردەوە، کە دەیەوێت هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە و هەموو ئامانجەکانیشی لە شەڕی غەززە بەدەست بهێنێت، ئەویش لە ناوبردنی حەماسە بۆ ئەوەی چیتر نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، ئاماژەشی دا، هیچ سازشێک لەسەر ئەو ئامانجانە ناکات.