ئەپیکور: ئامادەین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەینەوە
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکۆر) لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، پشتیوانیی لە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەن.
دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) بڵاوی کردەوە، خۆشحاڵن بەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕکراونەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتووێکی نزیکدا، دەشڵێت، پشتیوانیی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەین و ئامادەین دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەینەوە.
ئەپیکۆر لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە لە 12ـی تەمووزی 2025، ئەندامانی ئەپیکور و نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی چالاکی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئەوەیان دووپات کردووەتەوە، ئامادەن دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ئەگەر ڕێککەوتنێکی نووسراو و پابەندکراو هەبێت کە تێیدا دڵنیایی بدرێت لە شێوازی پارەدان و ڕێزگرتن لە گرێبەستە بەرکار و یاساییەکان، هاوکات چارەسەری ئەو پارەیەش بکرێت کە هێشتا نەدراوەتە کۆمپانیاکان، دەڵێت: پێویستە شێوازی پارەدانەکە شەفاف بێت و پەسەند بێت لەلای کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر لە ڕێگەی کاش، یاخود لەڕێگەی گواستنەوەی پشکی شایستە وەک خۆی، بدرێت.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند: ئەندامانی ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ هەناردەی نەوت بکەنەوە هەر کاتێک ڕێککەوتنێکی نووسراو هەبێت، دەڵێت: ئەپیکور هەمیشە پێداگرە لەوەی ڕێز لە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان بگیرێت.