کشتوکاڵی هەولێر: بەهۆی کەمبارانییەوە نرخی 'کا' بەرز بووەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، بەهۆی کەم بارانییەوە، بەرهەمهێنانی دانەوێڵە کەم بووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: لەگەڵ زۆر بوونی بەرهەمی دانەوێڵە، کا زیاد دەبێت، بەڵام ئەمساڵ لە زەوییە دێمییەکان بەرهەمی دانەوێڵەمان نەبووە، بۆیە جووتیاران نەیانتوانیووە کا بەرهەم بهێنن، کا لە زەوییە ئاوویەکان بەرهەم دێت، ڕووبەری زەوی دێمیش دوو هێندەی ڕووبەری زەوییە ئاوییەکانە.

دەشڵێت: لە هەولێر ئێمە نزیکەی 318 هەزار زەوی ئاویمان هەیە، بەڵام زیاتر لە 640 هەزار دۆنم ڕووبەری زەوی دێمیمان هەیە، ئەوەش بووەتە هۆی کەم بوونی ئەو ئالیکە، کاتێک باران کەم دەبێت، بەرهەمی دانەوێڵەش کەم دەبێت هاوتەریب کاش کەم دەبێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانە دا، ئێمە کار ئاسانیمان کردووە و هەر خاوەن پرۆژانەیەکیش پێویستی بە هاوکاریی بووبێت پاڵپشتییمان کردوون.

گوتیشی: ئه‌مساڵ نرخى دوو فه‌رده‌ كا به‌ شه‌ش هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام ساڵى ڕابردوو نرخه‌كه‌ى ته‌نیا سێ هه‌زار دینار بووە.

هێمن سەید موراد، ڕاشیگەیاند "لە هەرێمی کوردستان چەندان کارگەی ئالیکمان هەیە، لە کوردستان کارگەکان هەندێک پێداویستی دابین دەکەن، چونکە لێخۆشبوونی گومرگیان هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی ئەو کارگانەی کردووە تاکو ئەو ئالیکەی بەرهەمی دەهێنن، بەنرخێکی گونجاو بەیفرۆشن."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment