حەماس و ئیسرائیل یەکتر بە تێکدانی دانوستانەکان تۆمەتبار دەکەن

بزووتنەوەی حەماس، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تێکدانی دانوستانەکان تۆمەتبار دەکات و ڕایگەیاندووە، ناتانیاهۆ نایەوێت هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی غەززەوە بکات، پێشتریش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، حەماس پێشنیازی ئاگربەستی ڕەت کردووەتەوە.

دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی حەماس بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتانی نێوەندگیر، بەدوای ڕێگا چارەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان بزووتنەوەکە و ئیسرائیل هەیە چارە بکەن.

هەروەها بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیەندراوێکی لە کەناڵی تێلێگرام بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەشی داوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نایەوێت لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕێک بکەوێت.

باسیشی لەوە کردووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە باربردنی دانوستانەکان شارەزایە، نایەوێت هیچ ڕێککەوتنێک بکات.

یەکشەممە 3ی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردبووەوە و تێیدا ڕایگەیاندبوو، ئێمە پێشنیازی وڵاتانی نێوەندگیر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاگربەستی غەززە قبووڵ کردووە، بەڵام حەماس ڕەتی کردووەتەوە.

ئاماژەشی دابوو، حەماس دەیەوێت لە کەرتی غەززە بمێنێتەوە و ئێمەش پاشەکشە لە کەرتەکە بکەین، بەمەش ئەوان لە هێرشکردنە سەر ئێمە بەردەوام دەبن. گوتیشی: من ئەوا قبووڵ ناکەم و هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بارمتەکان بگەڕێنمەوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، بە دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستی غەززە گەشبینە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی ئاگربەستی غەززە چەند ڕۆژێکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەرن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ گۆڕانێک بە ئاراستەی ئاگربەست بە دی نەکراوە.