ترەمپ 50 ڕۆژ مۆڵەت دەداتە پوتن بۆ ڕێككهوتن لهگهڵ ئۆكرانیا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کەلوپەلی سەربازی و سیستەمی مووشەکی دەداتە ئۆکرانیا، بەڵام هاوپەیمانیی ناتۆ پارەکەی دەدات، هاوکات هۆشداریشی دا سەرۆکی ڕووسیا کەمتر لە دوو مانگ هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی ئۆکرانیا نەکرێت، ئەوا بە ڕێژەی 100% باجی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنێت.
دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 50 ڕۆژی داهاتوو نەگەنە هیچ ڕێککەوتنێک، دووهم باجی گومرگی بەسەر ڕووسیا دەسەپێنێت، باجەکەش بە ڕێژەی %100 دەبێت.
گوتیشی: زۆر لە پوتن بێ ئومێد بووم، چونکە کاتێک پەیوەندییە تەلەفۆنەکەمان کۆتای دەهات و پەیوەندییەکی باشمان دەبوو، بەڵام دوای قسەکردنەکە مووشەک لە ڕووسیاوە بۆ کێیڤ هەڵدەدرا. بەم شێوەیەش گفتوگۆکردن هیچ گرنگییەکی نابێت.
دۆناڵد ترەمپ، گوتیشی: ئێمە باشترین کەلوپەلی سەربازی، مووشەک و سیستەمی بەرگریی دروست دەکەین، یەکێتیی ئەورووپا ئەوە باش دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکمان کرد کە ئەو چەکانەیان پێ بفرۆشین. دهشڵێت: ئەمەریکا هیچ پارەیەک نادات و هیچ چەکێکیش ناکڕێت، تەنیا دروستی دەکات و هاوپەیمانیی ناتۆ پارەکەی دەدات. باسی لهوهش كرد، دەبووایە جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئەو کارەی بکردایە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، کەلوپەلە سەربازییەکان بەهایان ملیاران دۆلار دەبێت کە چەک و تەقەمەنی، سیستەمی دژە مووشەکی پاتریۆت لە خۆ دەگرێت. گوتیشی: لە چەند ڕۆژی داهاتوو کەلوپەلەکان دەگەنە ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە دەیانەوێت هەنگاوی بەهێز لە جهنگی ئۆکرانیادا بگرنە بەر، بۆیە پوتن دەبێت ئابووریی وڵاتەکەی بپارێزێت، گوتیشی: ئەو کەسێکی بەهێزە، جگە لە من، خەڵکێکی زۆری وەکوو کلینتۆن، بوش، ئۆباما، بایدنی هەڵخەڵەتاندووە.
هاوكات مارک ڕووتە گوتی: ئەمەش بەو مانایەیە کە ئۆکرانیا بڕێکی زۆر کەلوپەلی سەربازی وەردەگرێت، لەنێویاندا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، مووشەک و تەقەمەنی دەبێت، ئەمەش بڕیارێکی زۆر گرنگ دەبێت.
ئاماژەشی دا، ئەگەر لە جێگای ڤلادیمێر پوتن بام، ئەوا ئەمڕۆ دەستم بە دانوستانێکی جیددیی لەبارەی ئۆکرانیا دەکرد.