وەزارەتی دەرەوەی سووریا: داوا لەلایەنە ناوخۆییەکان دەکەین لۆژیکیانە مامەڵە بکەن و کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن

وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، لە پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی سوەیدا زۆر نیگەرانین و هەندێک لایەن ڕێگری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، داوا لە هەموو لایەک دەکەن ڕێز لە سەروەری خاکی سووریا بگرن.

دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی گرژییەکانی سویدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، جەخت لە پەیوەست بوونمان بە بژاردەکانی حیکمەت و لێزانی و دانبەخۆداگرتندا دەکەینەوە، هەروەها داوا لەلایەنە ناوخۆییەکان دەکەین لۆژیکیانە مامەڵە بکەن و کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن و ئەو چەکانە ڕا دەست بکەن، کە لە دەرەوەی یاسان.

باسی لەوەش کردووە، نابێت ڕێگە بەو کەسانە بدەین کە دەیانەوێت یەکێتیی سووریا تێک بدەن و دووبەرەکی و ململانێ لە وڵاتەکە دروست بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختیشی کردووەتەوە، داوا لە هەموو وڵاتان و ڕێکخراوەکان دەکەین ڕێز لە سەروەری سووریا بگرن، دەست لە پشتگیریکردنی گرووپە یاخی بووە جوداخوازەکان هەڵگرن.

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی حکوومەتی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە بەرەو باشووری شاری سوەیدا بەڕێکەوتوون، گوندێکی درووزەکانیان لە نزیک ئەو شارە کۆنترۆڵ کرد.

ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە گوندی مەزرا جێگیرکراون، هاوکات چەکدارانی بەدەوییش لەوێ بوون.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، کە چەند تانکێک لە نێوان گوندەکانی مەزرا و سامیدا لە کاتی ڕۆشتنیان بۆ سوەیدا کراونەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی لە باشووری سووریادا نادەن و بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەکان هەموو هەنگاوێک دەنێن.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بارەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: هێرشەکان پەیام و هۆشدارییەکی ڕوون بووە بۆ ڕژێمی سووریا، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین درووزەکان لە سووریا زیانیان پێ بگات.