عەلی ئەکبەر ویلایەتی: ئێران ده‌ستبه‌رداری به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نابێت

بەرپرسانی ئێران دوای جەنگی 12 ڕۆژە، ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران له‌گه‌ڵ پیشان دا، بەڵام لەسەر هەڵوێستییان بۆ دەستبەردارنەبوون لە بەرنامەی ئەتۆمی ڕژدن.

دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، دەستبەرداربوونی بەرنامەی ئەتۆمی بێت، ئەو دانوستانە هەرگیز ناكرێت.

هەروەها هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکان ئاماژەی دا، پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماتییەکان و لێکتێگەیشتنێکی بونیاتنەر دەکەین. گوتیشی: دەرگای دیپلۆماتییمان دانەخستووە، بەڵکوو بە ڕژدی کار لەسەر دۆزینەوەی ڕێگایەکی ئاشتییانە دەکەین.

هاوکات عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هیچ ڕۆژ و کاتێک و شوێنێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری نەکراوە.

ئاماژەشی دا، ئێران لە دیپلۆماتی و دانوستانەکان جیددی بوو و بە نیازێكی باشەوە چووینە ناو گفتوگۆکانەوە، بەڵام هەر وەک هەمووان بینییان، پێش بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستانەکان، ئیسرائیل بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمەریکا هێرشێکی سەربازیی کردە سەر ئێران.

لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا، چەند گەڕێکی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەڕێوە چوون، کە دواتر لە ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئێران و دانوستانەکان ڕاوەستان، بۆیە تاوەکوو ئێستا ئەو دوو وڵاتە لەو بارەوە نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.