پارێزگای سوەیدا.. ژمارەی کوژراوان گەیشتە 100 کەس

شەڕ و پێکدادانی سوەیدا لە چوار بەرە بەردەوامە و ژمارەی کوژراوان گەیشتە 100 کەس و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بریندارە.

لە سێیەمین ڕۆژی شەڕ و پێکدادان لە پارێزگای سوەیدا، شەڕ لە چوار بەرەدا بەردەوامە و ژمارەی کوژراوانیش گەیشتە 100 کەس و  200 کەسیش بریندارە.

سەرچاوە میدیاییە ناوخۆییەکانی سووریا باسیان لەوە کردووە، ئەمشەو شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هۆزە چەکدارە درووزەکان و بەدەوی لە فڕۆکەخانەی سوعلە ڕووی داوە.

کەناڵی "سوەیدا 24" بڵاوی کردەوە، لە ئێستادا شەڕێکی قورس لە چوار بەرە بەردەوامە کە بریتین لە میحوەری سوعلە، حەزم، کەناکر و میحوەرەی تەعارە.

کەناڵەکە  ئاماژەی بەوەش کرد، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەمموزی 2025 لەسەر میحوەری ڕۆژئاوای شاری سوەیدا، لە دەوروبەری گوندی کەناکر، دەنگی تەقە و تەقینەوەی قورس لەوێ دەبیسترێت، پێکدادانەکان بەردەوامی هەیە.

لای خۆیەوە ئەنجوومەنی سەربازیی سووریا لە پارێزگای سوەیدا ڕایگەیاند، ئەو پارێزگایە هی گەلەکەیەتی و لەلایەن دەرەوە بەڕێوەنابرێت، ڕوونیشی کردەوە کە خەڵکی ئەم خاکە بە ئاسانی نابن بە نێچیر بۆ کاری تێکدەران.

هەروەها ئەنجوومەنی سەربازیی سووریا لە سوەیدا لە ڕاگەیەندراوەکەدا لەسەر دۆخی پارێزگاکە دەڵێت: "بەهۆی ئەو ڕووداوە خێرا و ئاژاوە ئەمنییەی پارێزگای سوەیدای گرتووەتەوە، ئێمە لە ئەنجوومەنی سەربازیدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە خەڵکی ئەم خاکە نابنە ئامانجێکی ئاسان بۆ فتنە و کاری تێکدەران، هەروەها ڕاناکێشرێینە ناو ئەو پلانانەی کە بۆی دانراوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: "بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە گەلەکەمان و ڕاگرتنی هەرکەسێک کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری بدات، دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان، هەروەها دەستی خۆمان درێژ دەکەینەوە بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە بۆ یەکخستنی ڕیزەکان و دوور لە بەرژەوەندی تەسک یان ملکەچی بۆ هەر لایەنێک."

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ شەوی ڕابردوو، بڵاوی کردووەتەوە ژمارەی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکانی هەردوو هۆزەکە، گەیشتووەتە 89 کەس و 200 کەسیش گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا بە کەناڵی ئەخبارییەی ڕایگەیاند، شەڕێکی چڕ و پڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی ئەو پارێزگایە بەردەوامە، بەڵام بەرەو کۆنترۆڵکردن دەڕوات و شەڕەکە لە بەرژەوەندی حکوومەتی سووریایە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی سوەیدا داوای کۆتاییهێنان بە ئاژاوەگێڕییەکان و پاراستنی ژیانی بێتاوانەکان دەکەن.

گوتیشی: ئێمە شەڕی هیچ کەسێک ناکەین، بەڵکو بە دوای گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دەگەڕێین، هێزەکانمان لە چەند بەرەیەک پێشڕەوی دەکەن، ئێستاش لە جەرگەی سوەیداین بە ئامانجی کۆنتڕۆڵ و سەقامگیری و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی وەک باقی پارێزگاکانی سووریا. دەشڵێت، گرووپەکانی دیکەی ناو سوەیدا هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت و وەزارەتی بەرگریی دەکەن.

لای خۆیانەوە درووزەکانی سوەیدا، پێشوازی لە هاتنی هێزەکانی بەرگریی سووریا بۆ ناو پارێزگاکە دەکەن.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە، 14ـی تەمووزی 2025، بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارەکان لە سوەیدا لە باشووری سووریا 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕوانگە ڕوونی کردەوە، توندوتیژییەکان لە پارێزگای سوەیدا چڕبوونەتەوە، ئەمەش لە دوای ڕفاندنی گەنجێکی درووزی لەسەر ڕێگای خێرا کە دیمەشق و شاری سوەیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

بەگوێرەی ئاماری ڕوانگە و چالاکوانانی خۆجێی، 50 کەس لە هەردوو پێکهاتەی درووز و پێکهاتەی بەدەوی، کوژراون و  6 کەس لە ناویاندا هێزی بەرگریی سوورین و هاوکات زیاتر لە 60 کەسیش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی ئەو ناوچە ناردووە.

هەر دوێنێ دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی گرژییەکانی سوەیدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، جەخت لە پەیوەست بوونمان بە بژاردەکانی حیکمەت و لێزانی و دانبەخۆداگرتندا دەکەینەوە، هەروەها داوا لەلایەنە ناوخۆییەکان دەکەین لۆژیکیانە مامەڵە بکەن و کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن و ئەو چەکانە ڕا دەست بکەن، کە لە دەرەوەی یاسان.

باسی لەوەش کردووە، نابێت ڕێگە بەو کەسانە بدەین کە دەیانەوێت یەکێتیی سووریا تێک بدەن و دووبەرەکی و ململانێ لە وڵاتەکە دروست بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختیشی کردووەتەوە، داوا لە هەموو وڵاتان و ڕێکخراوەکان دەکەین ڕێز لە سەروەری سووریا بگرن، دەست لە پشتگیریکردنی گرووپە یاخی بووە جوداخوازەکان هەڵگرن.

لای خۆیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، لە ڕۆژی یەکشەممەوە ژمارەی کوژراوانی شەڕی چەکداری درووز و بەدەوی لە پارێزگای سوەیدا بۆ 100کەس بەرزبووەتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment