وەزیرێکی ئیسرائیل: دەبێت ئەحمەد شەرع لەنێو ببرێت

وەزیری ڕاگەیاندن و کاروباری ڕەوەندی جووی ئیسرائیل داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی ڕژێمی سووریا و لەنێوبردنی ئەحمەد شەرع دەکات.

سێشەممە 15ی تەممووزی 2025، ئەمیچای چیکلی، وەزیری ڕاگەیاندن و کاروباری ڕەوەندی جووی ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: نابێت لە بەرانبەر تیرۆری ئیسلامی-نازیی ڕژێمی قاعیدەدا بێدەنگ بین یان بێ هەڵوێست بین، بەتایبەت کە ئێستا خۆی لە نێو چاکەت و پانتۆڵ ناوە و 'گورگە لە پێستی مەڕ'.

هەروەها ئاماژەشی داوە، هەر کەسێک پێی وایە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا، سەرکردەیەکی شەرعییە، ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکات، چونکە ئەو تیرۆریستە، بەرپرسە لە کوشتنی خەڵک بەشێوەیەکی دڕندانە، بۆیە پێویستە دەستبەجێ لەنێو ببرێت.

گوتووشیەتی: کۆمەڵکوژییە ترسانەکەکەی عەلەوییەکانمان بە چاوی خۆمان بینی، هاوکات بێدەنگی سەرکردەکانی ئەورووپاشمان لەو بارەوە بینی، ئێستاش شایەتی کوشتن و سووکایەتیپێکردنی درووزەکانین. جەختیشی دەکاتەوە دەبیت دەستبەجێ ڕژێمی سووریا ڕابگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دابوو، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، هێرش بکەنە سەر ئەو هێزانەی حکوومەتی سووریا کە چوونەتە ناو پارێزگای سوەیدا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشی کردبووەوە، چوونی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بۆ نێو پارێزگای سوەیدا پێشێلکردنی ڕێککەوتنی چەکداماڵینە کە پێشتر ڕاگەیەنراوە. جەختیشی کردووەتەوە، پابەندن بە پاراستنی درووزەکانی سووریا لەسەر بنەمای برایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ درووزەکانی ئیسرائیل. 

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەریهەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە. پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی درووزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.