لاڤرۆڤ و عراقچی جەختییان لە ڕێگەچارەی دیپلۆماتیی بۆ کێشەکانی ئێران کردەوە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی كار و چالاكییه‌كانی بیست و پێنجه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای کۆبوونەوە و جەختییان لە ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیی بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردەوە.

سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: باسمان لە ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە، دیپلۆماتییانە و سیاسییانە بۆ کێشەکانی پەیوەست بە ئێران کرد، هاوکات هەڵوێستی ئێرانمان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاوتوێ کرد.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختیشی لەوە کردووە کە ئێران چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە نایانەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکەن، هیچ لایەنێک تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش هیچ بەڵگەیەکی لە بارەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە نەبووە.

لاڤرۆڤ باسی لەوەش کرد، ئێران وەک هەموو وڵاتانی بێ ئەتۆم، بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و پەیمانی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، دەبێت ڕێز لە مافەکانی ئەو وڵاتە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی بگیرێت.

ڕوونیشی کردەوە، ئەوا بنەمای سەرەکی دانوستانەکانە، دووپاتیشی کردەوە لە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن.

هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی 'ڕیا نۆڤۆستی'ـی ڕووسیای ڕاگەیاندبوو، عراقچی لەگەڵ سرگی لاڤرۆڤ لە شاری تیانجین کۆدەبێتەوە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسی ئەتۆمی تاوتوێ دەکەن.

پێشتر مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە (ئێکس) نووسیبووی: بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ، پێویستە جارێکی دیکە ئومێد بونیات بنێینەوە و لە ڕابردوومان فێر بین و ڕێگەیەکی عەقڵانە بگرینە بەر.

پزیشکیان ئاماژەشی دابوو، تا ئێستاش پێیان وایە، ڕێگا دیپلۆماتییەکان دانەخراوە و بە کراوەیی ماونەتەوە، ئێمەش ئەو ڕێگەیە زۆر بە ڕژدی دەگرینە بەر.

ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەها، ڕێکخراوێکی سیاسی و ئابووریی ئۆراسیایە و هەوڵ دەدات هاوکاری نێوان ئەندامەکانی بەرز بکاتەوە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 2001 لەلایەن چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان دامەزراوە، دواتر هیندستان، پاکستان، ئێران و بیلاڕووس پەیوەندییان پێوە کرد.