ترەمپ: لە سێ مانگی ڕابردوودا زۆر جەنگم ڕاگرتووە

دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەگەر کەمتر لە دوو مانگ هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا نەکرێت، ئەوەی سزای قورس بەسەر مۆسکۆ دەسەپێنێت، گوتیشی: لە جەنگەکە لایەنگری هیچ لایەنێک ناکەم، بەڵکوو لایەنگری مرۆڤایەتی دەکەم.

سێشەممە 15ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لایەنگری هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکوو لایەنگری مرۆڤایەتی دەکات و نایەوێت کەس بکوژرێت، گوتیشی: لە سێ مانگی ڕابردوودا زۆر جەنگم ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا ئەو جەنگەم بەردەوامە.

جەختیشی کردەوە، ئەگەر دوای 50 ڕۆژی دیکە هیچ ڕێککەوتنێکمان نەبینێت، ئەوا زۆر خراپ دەبێت و باجی گومرگی و سزای قورس چاوەڕێی ڕووسیا دەکات، لەبارەی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک کە بۆچی 50 ڕۆژ مۆڵەتی داوەتە ڕووسیا، ترەمپ گوتی: پێم وا نییە، 50 ڕۆژ ماوەیەکی زۆر بێت، بەڵکوو ڕەنگە سزاکان زووتر بسەپێنرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا زۆر بێ هیوایە، بەڵام با چاوەڕێ بکەین بزانین چی ڕوو دەدات، باسی لەوەش کرد، نابێت ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هێرش بکاتە سەر ڕووسیا.

هاوکات ترەمپ ڕەتیشی کردەوە، مووشەکی دوور مەودا بدەنە ئۆکرانیا.

ڕۆژی دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 50 ڕۆژی داهاتوو نەگەنە هیچ ڕێککەوتنێک، دووەم باجی گومرگی بەسەر ڕووسیا دەسەپێنێت، باجەکەش بە ڕێژەی %100 دەبێت.

گوتیشی: زۆر لە پوتن بێ ئومێد بووم، چونکە کاتێک پەیوەندییە تەلەفۆنەکەمان کۆتای دەهات و پەیوەندییەکی باشمان دەبوو، بەڵام دوای قسەکردنەکە مووشەک لە ڕووسیاوە بۆ کێیڤ هەڵدەدرا. بەم شێوەیەش گفتوگۆکردن هیچ گرنگییەکی نابێت.