ڕۆژنامەی حوورییەت: کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بۆ چارەکردنی پرسی کورد دانامەزرێت
ڕۆژنامەیەکی نزیک لە حکوومەتی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی پێک دەهێنرێت، دەستووری وڵات هەموار ناکاتەوە، تەنیا بۆ فەراهەمکردنی چوارچێوەی یاساییە بۆ پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە.
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی پرۆسەی نوێی ئاشتی کە لایەنەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە جەختیی لێ دەکەنەوە، دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی پەرلەمانییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی یاسایی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەگەرچی دامەزراندی کۆمسیۆنەکە وەک هیوایەک دەبینرێت بۆ چارەکردنی بەشێک لە پرسەکانی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەڵام ڕۆژنامەی "حوورییەت" کە نزیکە لە دەسەڵات، ئەوەی خستووەتە ڕوو، کۆمسیۆنەکە کار بۆ فەراهەمکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، نەک دەستووری تورکیا هەموار بکاتەوە، بە تایبەتی چوار بڕگەی یەکەمی دەستوور کە بەشێکە لە داواکارییەکانی کورد.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان، زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئامادە دەکرێت. باس لەوەش کراوە، کۆمیسیۆنەکە بە درێژایی پشووی هاوینە کار دەکات و تا ئەو کاتەی پەرلەمان لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەست بەکارەکانی دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە ئامادەکارییەکانیان و چاکسازییە یاساییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکەن.
لەبارەی ناوەرۆک و کارەکانی کۆمسیۆنەکە، ڕۆژنامەی "حوورییەت" ئاماژەی بەوە داوە، چاوەڕوان دەکرێت هەموارکردنەوە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادان بکرێت. ڕاشیگەیاندووە، زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی پەکەکە لە زیندانەکاندا هەن؛ هەر گۆڕانکارییەکی یاسایی کاریگەرییان لەسەر دەکات. هەروەها بەشێک لە زیندانییان ماوە سزادانییان تەواو بووە، بەڵام بەهۆی ئەندامیەتییان لە پەکەکە، ئازادکردنییان دواخراوە. وەک ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، لەگەڵ چاکسازییە یاساییەکان، ئەوانەی سزاکەیان تەواو کردووە، ئازاد دەکرێن، بەڵام هیچ لێبووردنێکی گشتی لە پرۆسەکەدا نییە.
هەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، دەنگۆی ئەوەی کە کۆمسیۆنەکە دەستوور هەموار دەکاتەوە، ڕاست نییە و هیچ گۆڕانکارییەک لە چوار بڕگەی یەکەمی دەستوور و مادەی 66، تایبەت بە پێناسەی تورکبوون، هەموار ناکرێنەوە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بۆ چارەکردنی پرسی کورد دانامەزرێت؛ بەڵکوو بۆ فەراهەمکردنی چوارچێوەی یاساییە بۆ پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە.
پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا و داوایان کرد، لە ڕێگەی یاساوە، زەمینەیان بۆ فەراهەم بکرێت تا بتوانن لە خەباتی چەکدارییەوە هەنگاو بنێن بۆ خەباتی یاسایی. هاوکات چاوەڕوان دەکرێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی بە نوێنەرایەتیی زۆربەی لایەنەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکبهێندرێت.
