مەهدی تەمیمی: ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی بەسرە بۆ ئاژەڵ و ڕووەکیش شیاو نییە
ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند، ئاوی پارێزگای بەسرە زۆر پیسبووە، ئاماژەی بەوەش دا، ئەم ئاوەی کە دەگاتە ماڵان هەڵگری کرم و پیسی و ئەو زیندەوەرانەن کە زیان بەخشن.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ڕوانگەی عێراقی سەوز لە زاری مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەستەی مافی مرۆڤی بەسرە بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: "ئەوەی لە پارێزگاکە ڕوودەدات وێنەی دووبارەبووەوەی کارەساتێکە، کە لە ساڵی 2010ەوە دەستی پێ کردووە و بەردەوامیش لە هەڵکشاندایە، هەروەها ساڵی 2018 خراپترین ساڵ بووە لە ڕووی کەم ئاویی و وشکەساڵی لە پارێزگای بەسرە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دەرکەوتنی خوێ بە شێوەیەکی ئاسایی لە مانگەکانی ئایار یان حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا دەردەکەوێت، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی یەکەوە ئەو دیاردەیە دەرکەوتووە.
گوتیشی: کەموکوڕییەکی ڕوون لە ڕۆیشتنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵەکان بەبێ پاڵاوتن و پاککردنەوە هەیە، کە لە ئەنجامدا تێکەڵ بە پیسی و کرم و ماددە زیان بەخشەکان دەبێت.
مەهدی تەمیمی ڕوونیشی کردەوە، ڕێژەی ژەهراویی بوون لە ئاوەکە بەرزە، بەجۆرێک کە بۆ ڕووەک و ئاژەڵیش شیاوی بەکارهێنان نییە، جەختیشی کردەوە، بڕە پارەیەکی زۆر بۆ پارێزگای بەسرە تەرخانکراوە بۆ هێنانی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو، بەڵام بێ سوود بووە.
تەمیمی ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ساڵی 2018دا، 150 هەزار حاڵەتی ژەهراویبوون بە هۆی خراپی کواڵیتی ئاو لە پارێزگای بەسرە هەبووە، پێشبینیش دەکرێت، ئەم ساڵژەهراویبوونەکە زیاتر بێت، ئەمەش بە بەهۆی کەم ئاوی وڵات و کە ئەو ناوچەیەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.