تۆم باراک: هەموو توندوتیژییەک لە سووریا سەرکۆنە دەکەین
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکۆنەی گرژییەکانی سووریا دەکات و داوا لە هەموو لایەک دەکات، بەمەبەستی ئاشتییەکی هەمیشەیی دەست بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن.
چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی گرژییەکانی سوەیدا نووسیویەتی: ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا هەموو توندوتیژییەکی دژی دانیشتووانی سوەیدا سەرکۆنە دەکەین. ئەوە بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆی لە بارەیەوە ناکرێت.
هەروەها ئاماژەشی داوە، هەموو لایەنەکان دەبێت لە توندوتیژی دوور بکەونەوە و دەست بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن، بە شێوەیەک کە بەرەوە ئاشتییەکی هەمیشەییمان ببات، جەختیشی کردووەتەوە هەموو تاوانبارێک دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەریهەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە. پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی دروزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.
سێشەممە، 15ی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتوویەتی، ئەحمەد شەرع لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە و ڕێکار و ڕێوشوێنی دەستبەجێ بەرانبەر ئەو کەسانە بگرن کە لە شاری سوەیدا پێشێلکارییان کردووە، ئەگەر لە هەر پۆست و پلەیەکدا بن.