سەرکردەی درووزەکان: لەگەڵ حکوومەتی سووریا ڕێککەوتووين

سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، لە بارەی ئاگربەستی سوەیدا لەگەڵ درووزەکان گەیشتوونه‌ته‌ ڕێککەوتن، بڕیاریشە درووزەکان ببنە بەشێک لە حکوومەتی سووریا.

چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی سانا، لەسەر زاری سەرچاویەک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، لەبارەی ئاگربەستی سوەیدا گەیشتوونه‌ته‌ ڕێککەوتن. ئاماژەشی داوە، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هێزی زیاتر لە بازگەکان بڵاو دەکرێنەوە.

لای خۆیەوە، یووسف جه‌ربووع، سەرکردەی درووزەکان دووپاتی کردووەتەوە، دوای ئەو ڕووداوە سەختانەی کە ڕوویان دا، لەگەڵ حکوومەتی سووریا گەیشتوونه‌ته‌ رێککەوتن.

باسی لەوەش کردووە، هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی سوەیدا ڕادەگیرێن. جەختیشی کردووەتەوە، سوەیدا بە تەواوی دەبێتە بەشێک لە حکوومەتی سووریا.

ئاژانسی هەواڵی سانا بەشێک لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، سوەیدا لەگەڵ حکوومەتی سووریا یەک دەگرێت، هاوکات مافی هەموو دانیشتووانی سوەیدا پارێزراو دەبێت و ڕێگای سوەیدا و دیمەشق سەلامەت دەبێت، هەروەها هەموو هێزە ناوخۆییەکان پاشەکشە دەکەن و پۆلیسی حکوومەت شوێنیان دەگرنەوە.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەریهەڵدا، پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی درووزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.