كوردستان24 چیرۆكی گهنجێكی كۆچبهر دهگێڕێتهوه کە ڕادەستی گرووپە چەکدارەکان کراوە

گەنجێکی دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوا لە ئیدارەی ڕاپەڕین کە هەوڵیداوە لە وڵاتی لیبیاوە کۆچ بەرەو ئەورووپا بکات، ماوەی 75 ڕۆژ لەلایەن گرووپ و مافیاکانی لیبیا ڕفێنراوە.
دانا خدر، دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوا لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کاتێک ویستمان کۆچی دەرەوەی وڵات بکەین لە لیبیا بەدەست مافیاکانەوە گیراین و خراینە زیندان، دواتر لە زینداندا بوو بە شەڕ، دوای شەڕەکە ئێمەیان ڕادەستی گرووپە چەکدارەکان کرد و 19 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسی ماینەوە، لەوێش ئەشکەنجەیەکی زۆر و سوکایەتییان پێ دەکردین و جنێویان بە ناموس و وڵاتمان دەدا و لە ناو زینداندا بە بۆڕی لە ژێرپێیان دەداین تاکوو هێزمان تێدا نەدەما و نەمان دەتوانی بەپێ بڕۆین."
دانا خدر گوتی: "نزیکەی سێ هەفتە لە زیندانی تاکەکەسی بووین، پێنج هەزار دۆلارمان دا تاکوو تەنیا یەک پەیوەندی بە کەسوکارمانەوە بکەین، تا پێیان بڵێین لە ژیاندا ماوین."
بە گوتەی ئەو گەنجە: "ئێستا کۆمەڵێک کوردی دیکە لە ناو زیندانەکانی لیبیان و ژمارەیان 17 کەسە بۆ ئازادکردنیان داوای 3 دەفتەر دۆلاریان لێ دەکرێت، دیاریش نییە کە ئەو بڕە پارەی داوایان کردووە بەسەلامەتی دەیانگەڕێنەوە یاخود نا."