پاکستان.. بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی حکوومەتی پاکستان ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 54 کەس بەهۆی بارانی بەخوڕەوە گیانیان لەدەستداوە.

گوتەبێژی دەستەی کارەساتەکانی پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 54 کەس لە پاکستان بەهۆی بارانی بەخوڕەوە مردوون و 227 کەسیش برینداربوون، کە زۆرینەی مردووان لە پەنجاب بووە."

لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە، بارانێکی بەخوڕ و بێ وەستان لە سەرانسەری پەنجاب باریووە و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی گەورە.

بەهۆیەوە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو، داوا لە هاووڵاتییانی دانیشتووی نزیک ڕووباری شاری ڕوالپندیدا کراوە، ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.

گوتەبێژەکە گوتیشی: لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە لە 26ـی حوزەیرانەوە تا ئێستا نزیکەی 180 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 70 یان منداڵن.

لە ساڵی 2022دا، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، سێیەکی وڵات ژێرئاو کەوت و هەزار و 700 کەسیش گیانیان لەدەستدا.

 
Fly Erbil Advertisment