ناو و شێوازی کارکردنی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکرێت

پەرلەمانی تورکیا (ئەرشیف)
پەرلەمانی تورکیا (ئەرشیف)

پێکهێنانی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، سبەی هەینی، 18ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ڕێکار و بنەماکانی کۆمسیۆنەکە بکرێت.

پێشتر لایەنە سیاسییەکان پێشنیارەکانیان سەبارەت بە ڕێکار و ناوەڕۆکی کارکردنی کۆمسیۆن بە نووسراو پێشکەشی کورتوڵموش کردووە؛ بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیدا، بڕیار لەسەر چەندان پرس بدرێت، لەوانە پێکهاتە و کارەکانی کۆمیسیۆن و رێژەی ئەندامێتیی لایەنەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا. 

میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە، پێویستە داواکاریی پێشکەشی ئەنجوومەنی گشتی بکات و دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنێت، دواتر کۆمیسیۆنەکە پێکدەهێندرێت. هەروەها کۆمیسیۆنەکە نەک بە یاسا، بەڵکوو بە بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان دادەمەزرێت و لە 35 یان 40 ئەندام پێکدێت، ژمارەی لایەنە سیاسییەکان بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان دیاریدەکرێت.

 لەلایەکی دیکەوە کۆمیسیۆن دەتوانێت تەنها ڕەشنووسی پرۆژەیاسا ئامادە بکات و پێشکەش بە کۆمیسیۆنە تایبەتمەندەکانی ناو پەرلەمانی بکات.  بەپێی ئەوەی کۆمسیۆنەکە تەنها پێشنیاز پێشکەش دەکات، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەم پارتی داوایانکردووە کۆمیسۆنەکە وەک پێکهاتەیەک نەبێت، بەڵکوو وەک کۆمیسیۆنێکی پسپۆڕی هەمیشەیی بێت و بە یاسا دابمەزرێت.

ناکۆکییەک لەنێوان لایەنەکانە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆمیسیۆنەکە کە بریتییە لە ناوەکەی، تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە. دەم پارتی داوا دەکات ناوی کۆمیسیۆنەکە "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات" بێت، ئاکپارتی بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەهێنێت، مەهەپە ناوی ناوە "یەکێتی و هاودەنگیی نیشتیمانی" هاوکات جەهەپە بە "تورکیای دیموکرات و بێ تیرۆر" ناوی دەبات؛ بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەی هەینیدا، ناوی کۆمسیۆنەکە یەکلایی بکرێتەوە.

پێشتر ڕۆژنامەی حوورییەت ڕایگەیاندووە، دەنگۆی ئەوەی کە کۆمسیۆنەکە دەستوور هەموار دەکاتەوە، ڕاست نییە و کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دانامەزرێت، بەڵکوو زەمینەی یاسایی بۆ پڕۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئامادە دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment