لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر، دەمبووسێک لە قوڕگی کچێک دەرهێنرا

کچێکی تەمەن 18ساڵان لەکاتی بەستنی لەچکەکەی دەمبووسێکی قووت داوە و لە قورگی ماوەتەوە، بەڵام لەلایەن پزیشکانی نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر ژیانی لە مەترسی ڕزگارکرا.
لە بارەی ئەم حاڵەتە دەگمەنە و چۆنێتی دەرهێنانی دەمبووسەکە، دکتۆر جەعفەر تاهیر، پسپۆری نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و هەناوبینی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کچێکی تەمەن 18 ساڵان، دوای ئەوەی دەمبووسی بەستنی لەچکەکە لە قوڕگی گیری کردبوو، لە نەخۆشخانە توانرا لەڕێگەی هەناوبینی، لە ماوەی 15 خولەک بەسەرکەوتوویی نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت و ژیانی لە مەترسی ڕزگار بکەین.
پزیشکەکە ئاماژەی بەوە دا، حاڵەتی لەمشێوەیە چەندجارێکی دیکە دووبارە بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی خانمان لە کاتی بەستنی لەچک دەمبووس دەخەنە دەمیان، هەندێکجار دەبێتە هۆی قوتدانی دەمبووس و گیربوونی لە سورێنچک یان گەدە.
دەربارەی تەندروستیی نەخۆشەکە، دکتۆر جەعفەر تاهیر گوتی: دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، ڕەوانەی ماڵەوە کراوە و تەندروستی جێگیرە.
هەروەها ئاماژەیداوە، حاڵەتی دیکەی لەمجۆرە زۆر، بە تایبەت قوتدانی ئێسکی بچووکی سینگی مریشک یان پارچەی یاری بچووک لەلایەن منداڵانەوە زۆرترین ئەو حاڵەتانن کە ڕوودەدەن.