ئیسرائیل ڤیزای سەرۆکی سێ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە نوێ ناکاتەوە

ئیسرائیل ڕەتیکردەوە ڤیزای سەرۆکی سێ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە نوێ بکاتەوە.
تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، هۆکاری هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، گەڕاندەوە.
تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕاگەیاند، ئەرکی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەیاندنی هاوکاریی بە خەڵکی مەدەنی پێویست و ڕاپۆرتکردن لەسەر ئەوەی ستافەکەی چاودێری دەکەن زیاترە، بەڵکو داکۆکیکردن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەموو جارێک ڕاپۆرتمان کردووە و ڕووبەڕووی هەڕەشەی کەمکردنەوەی زیاتری دەستڕاگەیشتنمان بەو هاووڵاتییە مەدەنییانە دەبینەوە کە هەوڵی یارمەتیدانیان دەدەین."
فلێچەر ڕوونیکردەوە: ئیسرائیل بە ڕوونی نوێکردنەوەی ڤیزا ڕەتدەکاتەوە یان ماوەی پێدانی ڤیزا کورت دەکاتەوە، ئەمەش لە وەڵامی هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
لای خۆیەوە ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڤیزای سەرۆکە ناوخۆییەکانی نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) و نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگای فریاگوزاری و کارکردنی پەنابەرانی فەڵەستین ئۆنروا (UNRWA) نوێ نەکراوەتەوە.