ئایا ژیان لە دەرەوەی زەوی دۆزراوەتەوە؟

دۆزینەوەیەکی نوێ زانایان تووشی سەرسوڕمان دەکات

K24-هەولێر:

ڤینۆس، نزیکترین هەسارە لە زەوی، کە پڕە لە گازی گەرم و جیاواز، نیشانەیەکی بوونی ژیانی تێدا دۆزراوەتەوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، زانایان ئەوەیان راگەیاند، گازی فۆسافین لە ئاسمانی ڤینۆس دۆزراوەتەوە، ئەو گازە یەکێکە لە هۆکارەکانی بوونی ژیان لەسەر زەوی.

ئەوەی بۆ زانایان تاوەکو ئێستا مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە، پلەی گەرمزی گازەکە 537 پلەی سیلیزییە، ئەمەش وا دەکات بڵێین، ژیان ئەستەمە لەسەر ڤینۆس، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری گەرمی ئەو گازە نەدۆزراوەتەوە.

جەین گرێڤس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، هەرگیز پێشبینی بوونی ئەو گازەم لە ڤینۆس نە دەکرد، ئەمە شتێکی جێی سەرسوڕمانە.

دەشڵێت، ئەمە مانای وایە ئەگەر هەیە ژیان لەوێ هەبێت، دەبێت خێراتر توێژینەوەی دیکە بکەین.

یەکێکی دیکە لە بۆچوونەکان ئەوەیە، ژیان لە ڤینۆسەوە هاتبێت بۆ زەوی و ئەگەر هەیە بوونی ئەو گازە زۆر شتی نوێ لەبارەی دەستپێکی ژیان ئاشکرا بکات.

بەگوێرەی دواین توێژینەوە، ڤینۆس ئێستا نزیکترین شوێنی زەوییە کە ئەگەری ژیان تێیدا هەبێت، بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوە زیاتری لەسەر بکرێت.

زانایانی بواری گەردوونناسی، هەمیشە لە هەوڵی بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی دیکە لە دەرەوەی زەوی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەو بارەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.