سووریا..ساردخانەی نەخۆشخانەکانی سوەیدا شوێنی وەرگرتنی تەرمیان نەماوە

سەرۆکی لقی سوەیدای سەندیکای پزیشکانی سووریا ئاماژەی دا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ناوخۆ سووریا، لە ساردخانەی نەخۆشخانە حکوومییەکان شوێنی هەڵگرتنی تەرم نەماوە.

هەینی 18ی تەممووزی 2025، عومەر عوبێد، سەرۆکی لقی سوەیدای سەندیکای پزیشکانی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس گوت: لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووە تاوەکوو ئێستا نەخۆشخانەی حکوومەت زیاتر لە 400 تەرمی وەرگرتووە، کە لە نێوانیاندا ژن و منداڵ هەن.

ئاماژەشی داوە، ساردخانەی نەخۆشاخانەکە شوێن بۆ هەڵگرتنی تەرم نەماوە و ژمارەیەکی زۆری تەرم لە شەقامی بەردەم نەخۆشخانەکە کەوتوون.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا دەستی پێکردووە و دواتر هێزەکانی حکوومەتی سووریا و ئیسرائیل دەستێوەردانیان کرد و گرژییەکان ئاڵۆزتربوون، بۆ پێنجەمین ڕۆژە لە چەند ناوچەیەک شەڕ بەردەوامە.

پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی درووزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا 321 کەس لە درووزەکان، بەدەوییەکان و هێزەکانی حکوومەتی سووریا کوژراون.