ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هیواخوازە ئاگربەستی غەززە زوو ڕابگەیەندرێت

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسیان لە دۆخی غەززە و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و قۆناخی دوای شەڕ کردووە.

هەینی 18ی تەممووزی 2025، نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوەش کردوە، دەبێت هاوکارییە مرۆییەکان بەپەلە و بە شێوەیەکی سەلامەت بگاتە کەرتی غەززە، جەختیشی لە چەکداماڵینی حەماس کردووەتەوە و بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ ناوی بردووە

هیواشی خواست، ئاگربەستی غەززە بە خێرایی ڕابگەیەندرێت و هەموو بارمتەکان، بە تایبەت ئەوانەی ڕەگەزنامەی ئەڵمانیان هەیە، دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوەش کراوە، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، داوای کردووە، دوای شەڕی غەززە، دەبێت سیستەمێکی هەبێت کە هەم پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و هەم مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستین لەبەرچاو بگرێت.

هەر ئەمڕۆ فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بارودۆخی غەززە چیتر جێگەی قبووڵ نییە.

گوتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی شەڕەکە ئەنجامێکی دادپەروەرانەی بۆ هەر دوولا هەبێت، ئاماژەشی دا، لە ئازاری خەڵکی فەڵەستین تێدەگات و هەموو هەوڵێک دەدات، هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتەکە دابەش بکرێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 کاتێک حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، هەزار و 219 کەس کوژران، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.

لە بەرانبەردا، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی غەززەبەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا، لانیکەم 58 هەزار و 667 فەلەستینی کوژراون کە زۆرینەیان مەدەنین.