حەماس هۆشداری دەداتە ئیسرائیل

گوتەبێژی باڵی سیاسی حەماس هۆشداری دەداتە ئیسرائیل ئەگەر لەم گەڕی دانوستانەکان بە پێشنیازەکان ڕازی نەبن، ئەوا لە گەڕی داهاتوو لە بەشێک لە مەرجەکانی ئێستا پاشگەز دەبنەوە.

هەینی 18ی تەممووزی 2025، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی باڵی سیاسی حەماس ڕایگەیاند، چەندین جار پێشنیازیان کردووە کە هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن و ئاگربەستێکی هەمیشەیی ڕابگەیەندرێت، بەڵام ئیسرائیل ڕەتی کردووەتەوە.

ئاماژەشی داوە، ئەگەر ئیسرائیل لەم هەڵوێستەی بەردەوام بێت و لەم گەڕی دانوستانەکان ڕێک نەکەوێت، ئەوا دڵنیای نادەین لە گەڕی داهاتوو دا بژاردەی ئازاد کردنی 10 بارمتە بمێنێت.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی دیکەی حەماس بڵاوی کردووەتەوە، لە دانوستانەکاندا ناکۆکی لەسەر شێوازی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، چۆنیەتی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە هەیە، کە دەبنە فاکتەرێک بۆ گەیشتنە ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕ، بەڵام گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

حەماس دووپات لەوە دەکاتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک بکرێت، دەبێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، لە کاتێکدا ناتانیاهۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە شەڕەکە کاتێک کۆتایی دێت کە حەماس چەک دابنێت و سەرکردەکانی غەززە چۆڵ بکەن.

بەگوێرەی پێشنیازی ئەمەریکا، ئاگربەستەکە بۆ 60 ڕۆژ دەبێت، حەماس 10 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکات و تەرمی 18 بارمتە ڕادەست دەکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی حەماس ئازاد بکات.

زیاتر لە 10 ڕۆژە هەر یەکە لە وڵاتانی قەتەر، میسر و ئەمەریکا نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل دەکەن، بۆ ئەوەی لە بارەی ئاگربەستی غەززە ڕێک بکەون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان بەهۆی هێرشەکانی حەماس، 7 ئۆکتۆبەری 2023 لە ئیسرائیل هەزار و 219 کەس کوژران، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەشەوە زیاتر لە 58 هەزار و 667 فەلەستینی کوژراون کە زۆرینەیان مەدەنین.