نوێترین زانیاریی لەبارەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ئەم هەفتەیە کێشەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە دەبێت، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش لە بەغدا ئاماژە بەوە دەکات، لەم هەفتەیە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند: کێشەکان چارەسەرکراون و ئەم هەفتەیە مووچە دابەش دەکرێت، هاوکات، فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا دووپاتی دەکاتەوە، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچەوە چارەکراون و دابەشکردنی مووچە ئەم هەفتەیە دەست پێ دەکات.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی ڕابردوو، 17ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و تێیدا بڕیاری پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان درا.
16ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، باسیان لە وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشە کرد کە لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتبووە ئاراوە.