لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین نزیکەی هەزار دۆنم زەوی بە گوڵەبەرۆژەی بەهاری داچێنراوە

لێکردنەوە و کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەم ساڵی گوڵەبەڕۆژەی دەشتی بیتوێنە، یەکێک لە نایابترین جۆرەکانی گوڵەبەڕۆژەی عێراق.

بەرە بەیانیەکی زوو جووتیاران بە هەرەوەزی دێنە ناو زەویە کشتوکاڵیەکان، هەر یەکەیان بە داس یان چەقۆیەکی تیژ دەست بە لێکردنەوە و کۆمەڵ کۆمەڵ کردنیان دەکەن، دوای لێکردنەوە ڕاستەوخۆ بەتراکتۆر دەیانبەنە سەر خەرمان و ئامادەیان دەکەن بۆ تەکاندن، دوای وشکبوونەوە، دەدرێنە بەرباو پاک دەکرێنەوە، لەوکاتە گوڵە بەڕۆژەکان بۆ لایەک و کاو پوشەکەشی بۆ لایەکی تر، لەکاتی پاکبوونەوە دەکرێنە گونیەوە و بۆ فرۆشتن ئامادە دەکرێن. 

عوزێر شێخ عارف، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ گەڵەبەڕۆژە کراوە، بەڵام هەم بێئاوی هەم وشکەساڵی بوو، جووتیار هەبووە 18 ڕۆژ بەرهەمەکەی ئاو نەداوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر گەڵەبەڕۆژەکە دەبێت بەوەی ڕەنگە ناوکەکەی پووچ بێت و بەتەواوی پێنەگات.

ئەمساڵ نزیکەی 1000 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین بە گوڵەبەرۆژەی بەهاری داچێنراوە، بەهۆی کەم ئاوی جووتیاران ئاگادار کراونەتەوە گوڵە بەرۆژەی پاییزی دانەچێنن، گوڵە بەڕۆژەی دەشتی بیتوێن لە باشترین جۆرەکانی گوڵەبەرۆژەیە لە عێراق.

بۆ ئێستا نرخی هەر کیلۆیەک لەنێوان 2500- 3000 دیناردایە، پشتیوان مەنگوڕی کە چەند دۆنم زەوی بە گوڵەبەرۆژە داچاندووە دەڵێت: گوڵە بەرۆژەی خۆماڵی لەتام و کواڵێتی بەهیچ گوڵەبەرۆژەیەکی تر بەراورد ناکرێ .

پشتیوان مەنگوڕی، جووتیار دەڵێت: گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی تامی خۆشە، تووشی هیچ نەخۆشیەکت ناکات، بەڵام ئەوانەی دەرەوە هەمووی نەخۆشیە.

 لە ڕابردوو گوڵەبەرۆژەی هەرێمی کوردستان دەخرایە ناو پیشەسازی دروستکردنی ڕۆن، بەڵام ئێستا چونکە بڕەکەی کەمە تەنیا لەناوخۆ بۆ سوێرکردن و چەرەزات بەکاردەهێنرێ

ئەو گوڵە بەرۆژەی لێرە بەرهەم دێ، دەنکی گەورە و توێکڵی تەنکە و تامی خۆشە، ئەوەش وایکردووە وەک باشترین جۆری گوڵە بەرۆژە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بناسرێ.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment